وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمی لە دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراقەوە سەبارەت بە داخستنی هەر پلاتفۆرمێکی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت نەگەیشتووەتە دەستی وەزارەت.
وەزارەت لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتی گەیشتنی نووسراوی فەرمی سەبارەت بە ئەم بابەتە یان هەر بابەتێکی هاوشێوە، دوای بەدواداچوون بۆ لێکەوتە و ڕەهەندەکانی ئەو خزمەتگوزارییە و وەرگرتنی بۆچوونی دامەزراوە تایبەتمەندەکان لە ڕووی یاسایی و ئەمنییەوە، بڕیار لەسەر دەدرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەم بڕیارانە لە چوارچێوەی یاسای وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ژمارە (١٩)ی ساڵی ٢٠١١ و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری گەیاندن بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبن.

