خانەی زیادکردنی ئاشکرای “Sotheby’s” رووبەڕووی ناڕەزایەتی میراتگرانی خێزانێکی ئەڵمانی بووەتەوە پێش ئەوەی تابلۆیەکی شێوەکاری هۆڵەندی ڤینسێنت ڤان گۆخ بخاتە روو بۆ فرۆشتن، کە بەهای خەمڵێندراوی دەگاتە 180 ملیۆن دۆلار و ناکۆکییەکە لەبارەی چۆنیەتی گواستنەوەی خاوەندارێتی کارە هونەرییەکەیە لە سەردەمی دەسەڵاتی نازییەکاندا.
بڕیارە تابلۆی “Châtaigniers en fleurs” رۆژی چوارشەممە لە زیادکردنێکی ئاشکرادا لە شاری نیویۆرک نمایش بکرێت، ئەمەش سەرەڕای جووڵەی نوێنەرانی میراتگرانی خێزانی فیشەر کە پێشتر خاوەنی تابلۆکە بوون و داوای راگرتنی فرۆشتنەکەی دەکەن.
خانەی سۆزبیز رایگەیاند، لێکۆڵینەوەی فراوانی لەبارەی مێژووی خاوەندارێتی تابلۆکە کردووە و تەنیا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی نەدۆزیوەتەوە کە بیسەلمێنێت لەژێر فشاردا فرۆشراوە، هەروەها جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندی لەگەڵ نوێنەرانی خێزانەکە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو.
لە بەرامبەردا میراتگرانی خێزانی فیشەر لە رێگەی پارێزەرێکەوە پەیوەندییان بە خانەکەوە کردووە و جەختیان کردووەتەوە، تابلۆکە پێش هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی دووەم لە ئەمستردام فرۆشراوە بەهۆی ئەو زیانە داراییانەی لە سایەی حوکمی نازییەکاندا بەر دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی خێزانەکەیان کەوتبوو.

