zagros news agency

بە بەهای سەدان ملیۆن دینار.. دەستەی دەستپاکی 8 بەرپرس دەستگیر دەکات و 25ی دیکەش لە کۆمپانیای نەوتی میسان بانگهێشت دەکات

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، دەستگیرکردنی تۆڕێکی ڕاگەیاند کە لە 8 بەرپرسی لقی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە پارێزگای میسان پێکهاتوون؛ ئەوەش بە تۆمەتی گەیاندنی زیانی ئەنقەست بە سامان و بەرژەوەندییەکانی ئەو شوێنەی کاری تێدا دەکەن.

دەستەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تیمی کاری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی میسان دوای بەدواداچوون و وردبینی، توانیویانە ئەو 8 بەرپرسە دەستگیر بکەن، پاش ئەوەی دەرکەوتووە زێدەڕۆیی لە داواکارییەکانی کڕیندا کراوە و لە ماوەی یەک مانگدا زیاتر لە جارێک کەرەستە و پێداویستی کڕدراوە، بێ ئەوەی سوود لەو کەرەستانە وەربگیرێت کە لە کۆگای کۆمپانیاکەدا هەبوون. ڕوونیشی کردووەتەوە کە بڕی پارەی کڕینەکە لە هەر جارێکدا 98 ملیۆن دینار بووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کۆمپانیاکە ژمارەیەک فەرمانبەری ڕەوانەی لقی بەسرە کردووە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ بارکردنی تانکەرەکان، ئەمەش زیانێکی دارایی زۆری بە کۆمپانیاکە گەیاندووە، لە کاتێکدا دەکرا لە ڕێگەی ڕاسپاردنی لقی کۆمپانیاکە لە بەسرە خۆیان لەو خەرجییە زیادەیە بەدوور بگرن.

هاوکات دەستەی دەستپاکی ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند بڕیاری داوە بە بانگهێشتکردن و وەرگرتنی گوتەی 25 بەرپرس و فەرمانبەری دیکە لە هەمان کۆمپانیا.

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزیری سامانە سرووشتییەکان وەڵامی دەنگۆی قاچاخی به نەوت دەداتەوه

یاسین

عێراق لە ڕێکاری توندی کەمکردنەوەی خەرجی دەکۆڵێتەوه؛ لەوانەش تێکەڵکردنی دەستەکان و پێداچوونەوە بە مووچەی بەرپرسان

یاسین

سەرۆکی حکومەت بەنداوی بەستۆڕەی کردەوە

یاسین