ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، وڵات گەیشتووەتە ئاستێکی بەرزی خۆبژیوی لە بەرهەمهێنانی گەنم و خورما و پەتاتەدا.
وەزارەتی پلاندانان لە راگەیەندراوێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ئاشکرایکرد، رێژەی خۆبژیوی گەنم گەیشتووەتە 99.5%ـی، هاوکات ساڵی 2023 رێژەی خۆبژیوی خورما 178.5% و پەتاتە 97% بووە. بەرهەمی زیادەی خورما لەو ساڵەدا 329.8 هەزار تۆنی تێپەڕاندووە.
لە بەشێکی دیکەی ئامارەکاندا، وەزارەتی پلاندانان روونیکردەوە، بەرهەمی تەماتە بە رێژەی 75.4% بەرزبووەتەوە و ساڵی 2023 گەیشتووەتە 534.8 هەزار تۆن. لە بەرامبەردا رێژەی خۆبژیوی گۆشتی مریشک 82.2% و هێلکە 58% تۆمارکراوە.
سەبارەت بە بەرهەمی برنج، وەزارەتەکە ئاشکرایکرد، بەرهەمەکە داکشانێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و لە 265.9 هەزار تۆن لە ساڵی 2017 بۆ 12.6 هەزار تۆن لە ساڵی 2023 دابەزیوە. ئەم ئاستەش نیشاندەری داکشانی رێژەی خۆبژیوی برنجە بۆ 0.6%، بە جۆرێک بۆشایی هاوردەکردن گەیشتووەتە زیاتر لە 2.06 ملیۆن تۆن.
وەزارەتی پلاندانان هۆکاری ئەو داکشانەی بۆ کەمئاوی و کەمکردنەوەی پلانە کشتوکاڵییەکان گەڕاندەوە، کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی رووبەری زەوییە چێنراوەکان، چونکە برنج لە قۆناخەکانی گەشەکردندا بە شێوەیەکی بەرچاو پشتی بە ئاو بەستووە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەدا، برنج یەکێکە لە بەرهەمە خۆراکییە گرنگەکانی عێراق، بەتایبەت جۆری عەنبەر کە لە بەکارهێنانی ناوخۆییدا باوە. باشبوونی دۆخی ئاویش وەزارەتی کشتوکاڵی ناچارکرد رووبەری چاندنی برنج لە ساڵی 2024 فراوان بکات، پێش ئەوەی لە حوزەیرانی 2026 بڕیاری هەڵگرتنی بەربەستەکان لەسەر چاندنی وەک بەرهەمێکی ستراتیژی رابگەیێنێت.
سەبارەت بە بەرهەمی خورما، داتاکانی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) کە ئازاری 2024 بڵاوکراوەتەوە، دەریدەخات عێراق ساڵی 2023 لە ریزبەندی چوارەمی جیهانیدا بووە. بەگوێرەی لێدوانەکانی پێشووی وەزارەتی کشتوکاڵ، هەناردەی خورمای عێراق لە نێوان 300 بۆ 350 هەزار تۆن بووە و بەرهەمهێنەران سوودیان لە خواستی بازاڕەکانی ناوچەکە و وڵاتانی دیکە وەرگرتووە.
لە کۆتاییدا، راپۆرتەکەی وەزارەتی پلاندانان دەریدەخات، عێراق هێشتا بۆ دابینکردنی بەشێک لە پێداویستییەکان پشتی بە هاوردەکردن بەستووە. بە جۆرێک رێژەی خۆبژیوی کونجی 15.2%، پاقلەی وشک 16.7% و لیمۆ و پرتەقاڵیش 41.8% بووە.

