هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا کە ڕێکەوتی ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ی لەسەرە، داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد بەرژەوەندیی باڵای وڵات بخەنە پێش هەموو شتێکەوە و ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوە دەستووری و یاساییەکاندا چارەسەر بکەن.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی ئەم دواییە و ئەو گرژییە میدیاییەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا سەبارەت بە ژمارەیەک دۆسیەی ناکۆکی بەخۆیەوە دەیبینێت، پێویستە لایەنەکان لە زمانی توند دوور بکەونەوە، چونکە بە گوتەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەو جۆرە زمانە “خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق ناکات”.
ئهمهش دهقی بهیاننامهكهیه:
بەیاننامەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی ئەم دواییە و ئەو گرژییە میدیاییەی کە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەخۆیەوە دەیبینێت سەبارەت بە ژمارەیەک دۆسیەی ناکۆکی نێوان هەردوولا، داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بەرژەوەندی باڵای وڵات بخەنە پێش هەموو شتێکەوە، لە زمانی توند دووربکەونەوە کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق ناکات، و کاربکەن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بەپێی چوارچێوە دەستووری و یاساییەکان.
جەخت دەکەینەوە کە هەر ناکۆکییەک پێویستە بخرێتە بەردەم دادگای باڵای فیدراڵی کە ئەرکی لێکدانەوەی دەقەکانی دەستوور و یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەکانی لەئەستۆیە بەپێی ماددەی 93ی دەستوور، هەروەها بڕیارەکانی بۆ هەموو دەسەڵاتەکان پابەندکەرن بەپێی ماددەی 94ی دەستوور.
دووپاتی دەکەینەوە کە دەستوور بەرزترین و باڵاترین یاسای وڵاتە، و حوکمڕانی کاری هەموو دەسەڵاتەکان دەکات، چ لەسەر ئاستی فیدراڵی بێت یان هەرێمی یان خۆجێیی، و ئێمە ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادەین دەستدرێژی بکاتە سەر دەستوور یان خۆی لەو پابەندبوونانە بدزێتەوە کە لەسەری دەکەوێت، چونکە هیچ کەسێک لە سەرووی دەستوور و یاساوە نییە، و هیچ بوارێک نییە بۆ هەڵبژاردنی بڕگەکانی ئینتقائي لە جێبەجێکردنی حوکمەکانیاندا؛ پابەندبوون بە دەستوور بژاردەیەکی سیاسی نییە کە بکەوێتە ژێر سازشکردنەوە، بەڵکو ئەرکێکی پابەندکەرە بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی.
جەختیش دەکەینەوە کە ئەنجومەنی نوێنەران پابەندە بە پەسەندکردنی بودجەیەکی بەرنامەیی دادپەروەر و یەکسان، کە مافی هەمووان دەستەبەر بکات، و دادپەروەری لە دابەشکردنی سەرچاوە و سامانەکان لە نێوان سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلی عێراقدا بەبێ جیاکاری بەدیبهێنێت.
هەیبەت حەلبووسی
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران
24 تشرینی دووەم 2026

