مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان/عێراق لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری لە مەترسی و هەوڵەکان دەدات بۆ «دەستبەسەرداگرتنی جومگە سەرەکییەکانی ئابووریی هەرێمی کوردستان» و ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی موڵکی هەموو خەڵکە و بە خوێنی سەدان هەزار شەهید و خەبات و تێکۆشانی خەباتکاران و زیندانیانی سیاسی و سەرجەم گەلی کوردستان بەدیهاتووە.
ئهمهش دهقی راگهیهنراوهكهیه:
بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان
جەماوەری خۆڕاگر و بەش مەینەت و تێکۆشەری خەڵکی کوردستان
سڵاوی خوداتان لێ بێت
هیوامان ئاشتی و ئارامی و بەختەوەریتانە، ئەوەی ڕوو دەدات لەو مەترسییانەی کە ئەمڕۆ لە شێوازی چەند بڕیارێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی جومگە سەرەکیەکانی ئابووری هەرێمی کوردستان، پێشبینی کراو بوو لامان، وە چەندین جار بە ڕێگەی جۆراوجۆر خەڵکی کوردستان و لایەنە دەسەڵاتدارەکانمان لێ ئاگادار کردووەتەوە و هۆشداریمان داوە، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتی کوردی بێباک و خەم سارد بووە لەئاست ئەو مەترسییە گەورە و جددییانەی کە ڕووبەڕووی هەرێمەکەمان دەبنەوە، کە ئێستا خەریکە ئەو هەڕەشانە دەچنە قۆناغی کرداری و ڕەنگدانەوەی نەرێنییان دروست کردووە لەسەر ڕەوشی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری خەڵکی کوردستان، بۆیە ئێمە وەك بزووتنەوەی ئیسلامی داوا لە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین کەوا ئەو مەترسی و هەڕەشانە بە جددی بە هەند وەربگرن و بە یەکدەنگی و یەک دەستی و یەکگرتوویی لەبەرامبەریان بوەستن، هەرێمی کوردستان موڵکی هیچ حیزب و لایەن و گرووپێکی دیاری کراو نییە، بەڵکوو موڵکی هەموو خەڵکی تێکۆشەری کوردستانە بەبێ جیاوازی، بە خوێنی سەدان هەزار شەهید و خەبات و تێکۆشانی خەباتکاران و زیندانیانی سیاسی و سەرجەم گەلی کوردستان بەدیهاتووە.
پێمان وایە وەک ئەرکێکی ئایینی و نیشتمانی و ئەخلاقی، پێویستە لە بەرامبەر ئەو هەڕەشە و مەترسییانە بوەستین بە یەکدەنگی و تەبایی و یەکڕیزیەوە، ئۆباڵی هەر ئەگەر و پێشهاتێکی نەخوازراویش دەکەوێتە ئەستۆی لایەنە دەسەڵاتدارەکان، ئەگەر بەردەوام بن لەسەر ئەو بێباکی و خەم ساردییەی کە هەیانە.
مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە کوردستان/عێراق
٢٠٢٦/١١/٢٤

