حەسیبە گەردی جەختی کردەوە کە قەوارەی دەستووری و مافە ڕەواکانی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورن و لە هیچ دۆخێکدا ناکەونە ژێر باری بڕیاری تاکلایەنە و دەرەوەی یاسا، هاوکات ئامادەیی هەرێمی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی و ڕێکخستنی دەروازە سنوورییەکان لە چوارچێوەی دەستووردا نیشان دا.
گەردی لە وتارێکیدا کە لە ٢٥ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە تێپەڕینی عێراق و ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاری سیاسیدا، پێویستی بە زمانێکی عەقڵانی و هاوسەنگ هەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە نیشتمانی و ئابوورییەکاندا، بەوپێیەی بەهێزی دەوڵەت لە ڕێزگرتنی دامەزراوەکان و پابەندبوون بە دەستوور و شەراکەتی ڕاستەقینەوە سەرچاوە دەگرێت. بەگوێرەی ناوەڕۆکی وتارەکە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری لە هەوڵەکانی دژ بە قاچاخچێتی دەکات و ئامادەیە بۆ هەماهەنگیی بەرپرسانە لەگەڵ بەغدا بە مەبەستی بنبڕکردنی بازرگانیی نایاسایی و کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان.
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا هاتووە کە هەرێمی کوردستان پێش حکوومەتی فیدراڵ دەستی بۆ پرسی چاکسازی بردووە و لە ڕێگەی یاسای چاکسازی و هەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمەوە، هەنگاوی بەرچاوی ناوە بۆ ڕێکخستنەوە و کۆکردنەوەی داهاتەکان لە خەزێنەی گشتی، ئەمەش وەک بنەمایەک بۆ سەروەریی یاسا، پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و ڕێگری لە هاوردەکردنی کاڵای بێکواڵیتی وەسف کراوە. هەروەها ئاماژە بە یەکڕیزیی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان کراوە لە ڕەتکردنەوەی هەر بڕیارێک کە لە دەرەوەی دەستوور و یاسا بدرێت.
سەبارەت بە دۆسیەکانی نەوت و گومرگ، حەسیبە گەردی ڕایگەیاندووە کە بەپێی ماددەکانی (١١٢ و ١١٤)ی دەستووری عێراق، ئەمانە دەسەڵاتی هاوبەشن و قۆرخکردن و سەپاندنی ئیرادەی تاکلایەنە بەسەریاندا پێشێلکاریی دەستوور و لێدانە لە بنەماکانی فیدراڵیەت. جەختیشی کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان هیچ شتێکی نییە لە کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان بیشارێتەوە و دەرگای بۆ لیژنە هاوبەش و پسپۆڕەکان واڵایە بە هەماهەنگیی فەرمیی حکوومەتی هەرێم و لە چوارچێوەی دەستووردا.
لە کۆتاییشدا، گەیاندنی پەیامەکانی بەغدا لە ڕێگەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە بە جێگەی هەڵوەستە و نەگونجاو لەگەڵ زمانی دیپلۆماسی و گفتوگۆی مەدەنی ناوبردووە و ڕایگەیاندووە کە گۆڕینی دۆسیەیەکی یاسایی و ئابووری وەک قاچاخچێتی بۆ گوتارێکی ئەمنی و تاکلایەنە، خزمەت بە سەقامگیری ناکات، بەڵکو گەڕانەوە بۆ دیالۆگ و پابەندبوون بە دەستوور تاکە ڕێگەی چارەسەری کێشەکان و بونیادنانی ئایندەیەکی سەقامگیرە بۆ هاووڵاتیان.

