بەگوێرەی پێشبینییە جیهانییەکانی کەشوهەوا و ڕاگەیەندراوەکانی کەشناسی، لە ڕۆژی ٢٨ی ئەم مانگەوە تاوەکو ٥ی کانوونی یەکەمی داهاتوو، هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی عێراق دەکەونە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و سەرماوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبارەی شەپۆلەکەوە بڵاوکراونەتەوە، بەهۆی یەکگرتنی دوو نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، بارانی بەخوڕ، هەورەتریشقە و تەرزە زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە. پێشبینی دەکرێت کاریگەرییە سەرەتاییەکان لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەمدا دەست پێ بکەن و لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمدا شەپۆلەکە چڕتر ببێتەوە.
هاوکات ناوەندەکانی کەشناسی هۆشداریی دەدەن لەوەی بەهۆی زۆریی بڕی بارانبارینەوە، ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو لە ناوچە نزمەکاندا هەیە. سەبارەت بە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش، پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی بەفربارین بیانگرێتەوە و لە سەنتەری شارەکانیش پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە دابەزین بکەن.

