zagros news agency

وردەکاریی ڕەشنووسی بودجەی ٢٠٢٧ی عێراق.. پشکی هەرێم پابه‌ندییه‌كان ئاشکرا بوون

 

نوێترین ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٧ ئاشکرا بوو، کە تێیدا خەرجییەکان لە ٢١٧ تریلیۆن دینار تێدەپەڕن و کورتهێنانێکی پلانبۆداڕێژراو بە بڕی زیاتر لە ٤٢ تریلیۆن دینار لەخۆ دەگرێت، هاوکات چەندین باج و ڕسووماتی نوێ و بڕین لە مووچە و داهاتەکان بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکان و دامەزراندنی سندوقە نوێیەکان پێشنیاز کراوە.

ڕەشنووسەکە کە لە ١٤٤ لاپەڕە و ٢٩ ماددە پێک دێت و لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٧ـەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن، داهاتی گشتیی عێراقی بە نزیکەی ١٧٥.٠٨٦ تریلیۆن دینار خەمڵاندووە (١٤٦.٥٧٣ تریلیۆن دینار داهاتی نەوتی کە ٨٣.٧٪ی کۆی داهاتە و ٢٨.٥١٣ تریلیۆن دینار داهاتی نانەوتی)، لەسەر بنەمای نرخی ٥٨ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوت، هەناردەکردنی چوار ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا و نرخی ئاڵوگۆڕی ١٥٠٠ دینار بەرامبەر یەک دۆلار.

خەرجییە گشتییەکان بە ٢١٧.٢٤٨ تریلیۆن دینار و کورتهێنانی پلانبۆداڕێژراو بە ٤٢.١٦١ تریلیۆن دینار دیاری کراون، کە لە ڕێگەی دەرکردنی حەواڵە و قەواڵەی خەزێنە و قەرزکردن لە بانکە حکومییەکان و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان پڕ دەکرێتەوە، هاوکات ٣٠٪ی داهاتی زیادەی نەوت بۆ دانەوەی قەرزی پارێزگاکان و ٧٠٪ی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان تەرخان دەکرێت.

پشکی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی نەوت و گاز:
لە ماددەی دەیەمدا کە ئەگەری هەموارکردنەوەی هەیە بەپێی گفتوگۆکانی بەغدا و هەولێر، پشکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی ١٢.٦٧٪ی خەرجیی ڕاستەقینە دیاری کراوە دوای لێدەرکردنی خەرجییە سیادییەکان، هاوکات یەکلاکردنەوەی شایستە داراییەکانی نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٢٦ بە بڕی نۆ تریلیۆن و ٣٢٩ ملیار دینار لە ماوەی حەوت ساڵدا و قیستکردنی قەرزەکانی بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) بە بڕی سێ تریلیۆن و ٤٤٦ ملیار دینار لە ماوەی حەوت ساڵدا پێشنیاز کراوە.

هەرێمی کوردستان پابەند دەکرێت بە ڕادەستکردنی لانیکەم ٤٤٥ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە کۆمپانیای «سۆمۆ» بۆ هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەری جەیهان یان بەکارهێنانی ناوخۆیی، لەگەڵ ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان و گازی زیادە لە پێویستیی ناوخۆ و کۆنتڕۆڵی گرێبەستە نەوتی و گازییەکان بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، لە بەرامبەردا وەزارەتی دارایی فیدراڵی مانگانە شایستەکانی هەرێم خەرج دەکات و هەر سێ مانگ جارێک پاکتاوی ژمێریارییان بۆ دەکرێت.

ڕەشنووسەکە پێشنیازی دامەزراندنی «سندوقی سەروەریی نەوەکان» دەکات بە سەرمایەی ٥٠٠ ملیار دینار کە جێگەی سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان دەگرێتەوە و سەرچاوەکانی بریتی دەبن لە پارە گەڕێندراوەکانی گەندەڵی، موڵک و زەوییەکانی دەوڵەت لە ناوخۆ و دەرەوە، لەگەڵ بڕینی ڕێژەیەک لە چالاکییە گومرگی و بازرگانییەکان، زانکۆ و قوتابخانە و نەخۆشخانە ئەهلییەکان، سەنتەرەکانی جوانکاری، کۆمپانیاکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت، تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل، ڕسووماتی ڤیزا و ١٪ی داهاتی سەندیکا و ژوورە بازرگانییەکان.

بەپێی ماددەی ٢٣، «سندوقی پڕچەککردن» دادەمەزرێت و ٥٪ی داهاتی سندوقی سەروەری و ٠.٥٪ی مووچە و دەرماڵەی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی بۆ تەرخان دەکرێت؛ هەروەها «دەستەی گشتیی ڕێگای گەشەپێدان» بە تەرخانکردنی بڕێک کە لە ١.٥ تریلیۆن دینار تێنەپەڕێت پێک دەهێنرێت، لەگەڵ تەرخانکردنی ٥٠٠ ملیار دینار بۆ تەواوکردنی شەقامی بازنەیی چوارەمی بەغدا.

دامەزراندنی هەمیشەیی، گرێبەست و کرێکاری ڕۆژانە ڕادەگیرێت، بەڵام ئەو گرێبەست و کرێکارە ڕۆژانانەی خزمەتیان لە سێ ساڵ زیاترە دەکرێنە هەمیشەیی، و گرێبەست لەگەڵ ١٢٠ هەزار کەس دەکرێت (٥٠ هەزار بۆ ناوخۆ، بەرگری و دژەتیرۆر، و ٧٠ هەزار گرێبەستی مەدەنی بەپێی ڕێژەی دانیشتووان).

باجی فرۆشتنی ١٠٪ لەسەر مۆبایل و ئینتەرنێت بەردەوام دەبێت و باج دەخرێتە سەر چالاکییە بازرگانییەکانی ناو ماڵ، چێشتخانە و هۆتێلەکان تا پلە دوو، کلینیک و سەنتەرەکانی جوانکاری، نەخۆشخانە تایبەتەکان و هۆڵە وەرزشییەکان، هەروەها ڕسووماتی فڕۆکەخانە بە بڕی ٢٥ هەزار دینار بۆ گەشتی دەرەوە و ١٠ هەزار دینار بۆ گەشتی ناوخۆ دیاری دەکرێت و هیچ مامەڵەیەک لە فەرمانگەکانی دەوڵەت بەبێ پێشکەشکردنی پسووڵەی پارەدانی کارەبا، ئاو و خزمەتگوزارییەکان ڕایی ناکرێت.

کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکانی سۆشیاڵ میدیا و پلاتفۆرمەکانی پەخشی دیجیتاڵی پابەند دەکرێن بە دانی باجی داهات و ڕسوومات دەخرێتە سەر بڵاوکردنەوەی ڕیکلام لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ڕیکلامی ناوداران و دروستکەرانی ناوەڕۆکی دیجیتاڵیشەوە، هاوکات ٣٧.٧٣٤ تریلیۆن دینار بۆ وەزارەتی کارەبا تەرخان دەکرێت کە ٢٤.٦ تریلیۆن دیناری بۆ کڕین و هاوردەکردنی وزە و سووتەمەنییە.

هەواڵی پەیوەندیدار

خولی ئیتاڵیا.. ناپۆلی شکستی بە گۆرگەکانی ڕۆما هێنا و لە پێشەنگە

یاسین

تورکیا سێ شارەداری لە کارەکانیان لادا

یاسین

داوای بەستنی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە پەرلەمانی عێراق دەکرێت

سەڵاح