zagros news agency

فیلمی نوێی “Focker-In-Law” ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند دەبێتەوە

فیلمی کۆمیدی نوێی “Focker-In-Law” کە هەریەک لە بێن ستێلەر، ڕۆبێرت دی نیرۆ و ئاریانا گراندی ڕۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن، لەگەڵ نمایشکردنیدا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەرفراوانی ڕەخنە بووەوە، سەرەڕای گەڕانەوەی بەشێک لە ئەستێرەکانی زنجیرە فیلمی “Meet the Parents” کە لە ساڵانی ڕابردوودا سەرکەوتنێکی گەورەیان لە بۆکس ئۆفیسدا تۆمار کردبوو.

 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی “NME“، فیلمەکە لە ماڵپەڕی “Rotten Tomatoes” تەنیا ڕێژەی 26 لە سەدی بەدەستهێناوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە 31 هەڵسەنگاندنی سەرەتایی ڕەخنەگران کە لەو بڕوایەدان بەرهەمەکە تەنیا بیرۆکە و دیمەنە کۆمیدییەکانی بەشەکانی پێشووی دووبارە کردووەتەوە.

 

فرانک شیک، ڕەخنەگر لە ماڵپەڕی “The Hollywood Reporter“، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، بینینی ڕۆبێرت دی نیرۆ و بێن ستێلەر لە کاتێکدا هەمان شێوازی کۆمیدیی کۆن پێشکەش دەکەنەوە ئەزموونێکی ئازاربەخشە، بەتایبەت بە لەبەرچاوگرتنی توانا هونەرییە بەرزەکانی ئەو دوو ئەستێرەیە.

 

لە بەرامبەردا، نواندنی ئاریانا گراندی ستایشی ڕەخنەگرانی بەدەستهێنا و بە یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی فیلمەکە دانرا، بەڵام نەیتوانی بەرهەمەکە لە لاوازیی سیناریۆ ڕزگار بکات. چیرۆکی فیلمەکە باس لە هێنری، کوڕی گرێگ فۆکەر دەکات کە خۆی بۆ هاوسەرگیری لەگەڵ ئۆلیڤیا ئامادە دەکات و ئەمەش زنجیرەیەک بەریەککەوتن و دۆخی خێزانیی شەرمەزارکەر دروست دەکات.

 

فیلمەکە لە دەرهێنانی جۆن هامبۆرگە و لە 25ـی تشرینی دووەمەوە لە سینەماکانی ئەمریکا نمایش دەکرێت، بەمەش دوای 16 ساڵ دابڕان لە دوای فیلمی “Little Fockers” لە ساڵی 2010، زنجیرەکە دەگەڕێنێتەوە سەر شاشەی سینەما.

هەواڵی پەیوەندیدار

راگەیندراوێک لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان

یاسین

شارەوانیی پێنج لە هەولێر پرۆسەی خاوێنکردنەوە و فراوانکردنی ژێرپرد و ڕێڕەوە سروشتییەکانی ئاو دەستپێدەکات

یاسین

فیفا ناوی ئەستێرەکانی گۆرانی بۆ یاریی مۆندیالی 2026 ئاشکرا دەکات

ART