چالاکییەکانی 54ـەمین خولی خەڵاتەکانی ئێمی نێودەوڵەتی لە شاری نیویۆرک کۆتایی هات و ناوەندە تەلەڤزیۆنی و درامییەکانی جیهان بە گەرمی پێشوازییان لە ئەنجامەکان کرد.
ڕێوڕەسمی ئەمساڵ بە فرەچەشنیی کولتووری و بەرهەمهێنانێکی بێوێنە لە مێژوودا ناسرایەوە، بە جۆرێک بەرهەمەکانی دەرەوەی هۆڵیوود توانییان دوور لە باڵادەستیی نەریتیی کارە ئەمریکییەکان خەڵاتە زێڕینەکان بەدەستبهێنن.
زنجیرەی مێژوویی فەرەنسی “Careme” خەڵاتی باشترین زنجیرەی درامی بردەوە و زنجیرەی ئەرجەنتینی “División Palermo” وەک باشترین زنجیرەی کۆمیدی دەستنیشان کرا. لە ئاستی نواندنیشدا، بۆبی شۆفیڵد بەهۆی ڕۆڵگێڕانی لە زنجیرەی “Unforgivable” خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو و مۆنا مینا لیۆن بۆ زنجیرەی “Holy” خەڵاتی باشترین ئەکتەری ئافرەتیان مسۆگەر کرد.
زنجیرەی بەلجیکی “De Klas Van 2000” خەڵاتی باشترین کورتەزنجیرە و فیلمی تەلەڤزیۆنی و زنجیرەی تورکی “Leyla” خەڵاتی باشترین تێلێنۆڤێلای پێبەخشرا.
هەروەها بەرنامەی ئەڵمانی “Der Talentierte Mr. F” وەک باشترین بەرنامەی هونەری بەڵگەنامەیی و بەرهەمی بەریتانی “The Scarecrow’s Wedding” وەک باشترین ئەنیمەیشنی منداڵان دیاریکران.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، خەڵاتی شانازیی دامەزرێنەران پێشکەش بە بێلا باجاریا کرا و جێرهارد زیلەریش خەڵاتی شانازیی بەڕێوەبەرایەتی وەرگرت، ئەمەش وەک پێزانینێک بۆ ڕۆڵی بەرچاویان لە پێشخستنی تۆڕەکانی پەخش و بەرهەمهێنانی تەلەڤزیۆنیی جیهانی و گەیاندنی بەرهەمە بیانییەکان بە بینەرانی سەرانسەری جیهان لە ڕێگەی سەکۆ دیجیتاڵییەکانەوە.

