بۆ رێكخستنی میلاكاتی هەرێمی كوردستان و خشتەی مووچە و فەرمانبەران، وەزارەتی دارایی 11 خشتە بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان دەنێرێت و جەختیش دەكاتەوە: “دەبێت ژمارەی فەرمانبەران لە خشتەی مووچەی مانگانە هاوتابێت لەگەڵ خشتەی میلاك.”
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە كۆپییەكی دەست (ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس) كەوتووە و بۆ وەزارەتەكان نێردراوە، داوای كردووە زانیاریی مووچەخۆران و جوولەی میلاكیان بۆ بنێردرێت.
لەگەڵ نووسراوەكە 11 خشتەی تایبەت بە مووچە و میلاك و زیاد و كەمیوونی میلاك و مۆڵەتی بێ مووچە و ناونیشانەكانی وەزیفی و خشتەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان نێردراوە و جەخت كراوەتەوە، كە دەبێت بەپەلە بۆیان بنێردرێتەوە.
وەزارەتی دارایی جەختی كردووەتەوە، كە دەبێت گۆڕانكارییەكانی زیادبوون و كەمبوونی میلاك و وێنەیەك لە فەرمانی (گواستنەوەی راژە و دامەزراندن و گەڕانەوەی دامەزراندن و خانەنشینبوون و كۆتایی راژە و دەستلەكاركێشانەوە و پلەبەرزكردنەوە) بۆ بەشی میلاكاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەزارەتی دارایی بنێردرێت.
هەروەها ئاماژە بەوش دراوە، هەر وەزارەت و فەرمانگەیەك لە وادەی دیاركراوی خۆیدا مانگانە خشتە و زانیارییەكان پێش 10ی هەموو مانگێك تەواو نەكات، ئەوە بەرپرسیار دەبێ بەرامبەر هەر رێكارێك، كە دەگیرێتە بەر.
وەزارەتی دارایی دووپاتی كردووەتەوە، كە دەبێت ژمارەی فەرمانبەران لە خشتەی مووچەی مانگانە هاوتابێت لەگەڵ خشتەی میلاك.
لە مبارەیەوە بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی رایگەیاند: “ئەو پرسە بۆ یەكخستنی مووچە و میلاكات و گۆڕانكارییەكانی مانگانەیە و لەمەودوا ئەو بابەتە گرنگیی زۆری پێ دەدرێت و فەرمانگەكان دەبێت بە جدیی ئەو بابەتە وەربگرن و هەموو مانگێك پێش 10ی مانگ خشتەكان تەواو بكەن و رەوانەی بكەن.”
شوان بەرزنجی