ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

نۆژەنکردنەوەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر بەخێرایی بەڕێوە دەچێت

 

قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر لە ڕاگەیاندراوێكدا ئاماژە بەوە دەدات، کارەکانی پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی مێژوویی و فەرهەنگی قەیسەریی هەولێر بەخێرایی بەڕێوە دەچێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 14/8/2024، قایمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە، تێیدا هاتووە: “بە گوژمەی 5 ملیار و 300 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی پاریزگای هەولێر، کارەکانی پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی مێژوویی و فەرهەنگی قەیسەریی هەولێر بەخێرایی بەڕێوە دەچێت و ڕۆژانەش لێژنەیەک لە پارێزگای هەولێرەوە سەرپەرشتیی کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە دەکات.”

ئەوەش خراوەتە ڕوو، هەموو هەوڵێک بۆ ئەوەیە بازاڕەکە لە نزیکترین کاتدا نۆژەن بکرێتەوە، تاوەكوو بازاڕەکە بە ڕووی هاووڵاتیان بکرێتەوە و کاسبکارانیش دەست بە کار و کەسابەتی خۆیان بکەنەوە.

شەوی 5/5/2024، ئاگر لە بەشێک لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاریی هەولێر گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لەبەر فراوانیی قەبارەی ئاگرەکە و سەختیی گەیاندنی هۆیەکانی کوژاندنەوەی ئاگر، دوای چەند کاتژمێرێک ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا.

دوای ڕووداوەکە، ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا لە بارەی ئاگرکەوتنەوەی بازاڕی قەیسەری، ئاشکرای کرد: “لە کۆی زیاتر لە چوار هەزار دوکان، 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووکی بازاڕی قەیسەری، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەکە سووتاون و زیانیان پێگەیشتووە.”

هەروەها ڕوونی کردەوە: “جگە لە زیانی دارایی ڕووداوەکە، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆى قەرەباڵغیی هاوڵاتییان لە شوێنى ڕووداوەکە، 132 کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگریی شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاووڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە دۆخی تەندروستییان تێک چوو.”

میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ و شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تۆڕێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و دوو کەسی سەر بە یەکەی 70ـی یەكێتی و دژە تیرۆری سلێمانی، لە پشت هەموو ئەو ئاگرانەوە بوون کە لە ماوەی ڕابردوودا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و كەركووك کەوتوونەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

چین داوای چارەسەرکردنی ئاڵۆزیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

یاسین

هەزار ئیسرائیلی گیریان خواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان

یاسین

محەمەد كەمال: وەك هەموو لایەنەكان كاندیدمان بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك دەبێ

سەڵاح