سەرۆك بارزانی پەیامێكی لە یادی 36 ساڵەی ئەنفالی بادینان بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: “ئامانجی ئەو تاوانەی ڕژێمی پێشووی عێراق شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ پشتیوانیكردنی شۆڕش و درێژەپێدان بە سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافیی كوردستان بوو.”
ئەمڕۆ یەكشەممە 25/8/2024، سەرۆك بارزانی، پەیامێكی لە یادی 36 ساڵەی ئەنفالی بادینان بڵاو كردەوە و دەڵێت: “36 ساڵ لەمەوبەر لە 25ی ئابی 1988، هەتا 6ی ئەیلوولی 1988، لە درێژەی زنجیرە تاوانەكانی ڕژێمی عێراق لە دژی خەڵكی كوردستان، بەشێكی زۆری ناوچە و گوندەكانی دەڤەری بادینان، لەلایەن هێزەكانی ڕژێمی ئەو كاتی عێراقدا كەوتنە بەر شاڵاوی نامرۆڤانەی كیمیابارانكردن و گرتن و كوشتن و ڕاگواستن و ئەنفالی هاووڵاتیانی بێتاوان.”
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە: “لە ئەنجامی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە، بە هەزاران هاووڵاتیی كوردستان شەهید و بێسەروشوێن و ئاوارە كران، سەدان گوندیش خاپوور بوون، ئامانجی ئەو تاوانەی ڕژێمی پێشووی عێراق شكاندنی ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ پشتیوانیكردنی شۆڕش و درێژەپێدان بە سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافیی كوردستان بوو.”
هەر لە پەیامەكەیدا، سەرۆك بارزانی دەشڵێت: “لە ساڵیادی ئەنفالی بادیناندا، سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەو تاوانە و هەموو شەهیدانی كوردستان دەنێرین، بە توندیش پێداگری لەسەر مافە ڕەواكانی گەلەكەمان دەكەینەوە، ئەو تاوانانە نابێ لەیاد بكرێن و پێویستە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی جینۆساید و تاوان و هەموو ئەو ستەمكارییانە بكات كە لە دژی میللەتەكەمان ئەنجام دراون.”