zagros news agency

سعوودیە : مووشەکێکی کرووز لە ناوچەی مەدینە ڕێگریی لێکراوە

هاوپەیمانیی سەربازیی بە ڕابەرایەتیی سعوودیە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٥ی ئۆکتۆبەر، ڕای گەیاند، مووشەکێکی کرووزی لە ناوچەی مەدینە، یەکێک لە پیرۆزترین شارەکانی جیهانی ئیسلام، ڕێگریی لێ کراوە و تێک شکێنراوە. بەڵام حووسییەکانی یەمەن هەر جۆرە دەستێوەردانێکیان لەم هێرشەدا ڕەت کردەوە.
تورکی مالکی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی سعوودی، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، هەواڵی “ڕێگری و تێکشکاندنی مووشەکێکی کرووزی لە ناوچەی مەدینە”ی دا، بەڵام هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی سەرچاوەی تەقاندن، ئەنجامدەری هێرشەکە یان ئامانجی ئەگەریی مووشەکەکە نەدا.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکانی یەمەن، ڕای گەیاند ئەم گرووپە هیچ هێرشێکی بۆ سەر ناوچەی مەدینە ئەنجام نەداوە. حووسییەکان پێشتر بەڵێنیان دابوو شارە پیرۆزەکانی مەککە و مەدینە نەکەنە ئامانج.
هاوپەیمانیی سعوودی هەروەها ڕای گەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە ئاسمانی پارێزگای ڕۆژهەڵاتی سعوودیە، یەکێک لە گرنگترین ناوچە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە، ڕێگریی لێ کردووە و تێکی شکاندووە.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدا ڕوو دەدەن هێرشە مووشەکی و بێفڕۆکەوانەکانی حووسییەکان بۆ سەر سعوودیە لە ڕۆژانی ڕابردوودا چڕتر بوونەتەوە. حووسییەکان ڕۆژی چوارشەممە بانگەشەی هێرشێکی مووشەکییان بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لە ڕیاز کرد، بەڵام سعوودیە ڕای گەیاند مووشەکە تەقێنراوەکەی ڕێگریی لێ کردووە.
بە گوێرەی ئاسۆشێیتدپرێس، چڕبوونەوەی هێرشەکان بووەتە هۆی تێکچوونی گەشتە ئاسمانییەکانی سعوودیە، لەوانە لە فڕۆکەخانەکانی ڕیاز و جەددە، و نیگەرانیی لەبارەی ئاسایشی ئەو حاجییانە دروست کردووە کە بۆ سەفەرکردن بۆ مەککە و مەدینە دەگەنە ئەو وڵاتە.
لە هەمان کاتدا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕۆژی پێنجشەممە ڕای گەیاند، هەر جۆرە ناردنی هێزێک بۆ سعوودیە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرگریی ئەو وڵاتە لەگەڵ سعوودیە و پاکستان، پێویستی بە ڕەزامەندیی پەرلەمانی تورکیا هەیە. ئەم سێ وڵاتە پێشتر ڕێککەوتنێکی بەرگرییان بە ناوی “ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە” واژۆ کردبوو.
حووسییەکان بە بەکارهێنانی پارچەی چینی، مووشەکی پێشکەوتوو دروست دەکەن کە توانای گەیشتنیان بە ئیسرائیل هەیە.
هاوکات، کۆبوونەوەی لووتکەی سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ئەندامی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، کە بڕیار بوو ٢٤ی ئۆکتۆبەر لە ڕیاز بەڕێوە بچێت، بەهۆی چڕبوونەوەی گرژییە ئەمنییەکانی ناوچەکە دوا خراوە. هێشتا بەروارێکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوەیە ڕانەگەیەنراوە.
پێکدادانەکانی ئەم دواییانەی نێوان حووسییەکان و هاوپەیمانیی سعوودی، دوای پێشڕەویی ئەم گرووپە لە ناوچە ستراتیژییەکانی نزیک گەرووی بابولمەندەب چڕ بوونەتەوە؛ گەروویەک کە بە یەکێک لە ڕێڕەوە گرنگەکانی بازرگانیی دەریایی و گواستنەوەی وزە لە جیهاندا هەژمار دەکرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

شاندی ئێران له‌ ئه‌مریكا: هه‌وڵده‌ده‌ین ڕێككه‌وتنى ئه‌تۆمی ده‌ستپێبكه‌ینه‌وه‌

یاسین

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری: رەزامەندیی لەسەر خانەنشینكردنی سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی درا

سەڵاح

سه‌رۆكی حکومەت پێشوازیی له‌ باڵيۆزى توركيا دەکات

سەڵاح