وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لە هەوڵدان کورتهێنانی مووچە پڕ بکرێتەوە، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی هەشت دابەش بکرێت، گوتەبێژی وەزارەتەکەش ڕوونکردنەوە دەدات.
بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تایبەت رایگەیاند: ”دوێنێ ئێوارە ئەو 753 ملیار و 738 ملیۆن دینارەی لە بەغداوە خرایە سەر هەژماری وەزارەتمان، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیمان وەرگرت.”
ئەوەشی خستە ڕوو: “دوێنی تاوەکوو درەنگی شەو لە وەزارەتی دارایی کۆبوونەوە و گفتوگۆ و پەیوەندی هەبوو، سەبارەت بەو 243 ملیار دینارەی لە کورتهێنانی پارەی مووچەی مانگی هەشت دروست بووە، زۆر سیناریۆ تاوتوێ کراون.”
دەشڵێت: “وەزارەتی دارایی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ و حکوومەتی عێراق لە هەوڵدان بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیە و ئەمڕۆش بەشێوەیەکی فەرمی داوای روونکردنەوە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەکەین.”
باسی لەوەش کرد، لە ڕێگەی کەناڵە جیاوازەکانی حکوومەت و دارایی لەگەڵ بەغدا لە پەیوەندیداین، بۆ ئەوەی گوژمەیەکی دیکە پارە بنێردرێت، گوتیشی: “ئەگەر ئەمڕۆ دووشەممە بگەینە ئەنجامی باش، ئەوا دەکرێت ئەمڕۆ لیستی مووچە ڕابگەیەندرێت و سبەی سێشەممە مووچە دابەش بکرێت.”
هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “بەو پارەیەی دوێنێ نێردراوە و بەو بڕەیەش، كە پێشتر هاتبوو، ئێستا 755 ملیار دینارمان بۆ مووچەی مانگی هەشت لەبەردەستدایە، بەڵام 243 ملیار کورتهێنان هەیە.”
گوتیشی: “لە هەوڵداین ئەو کورتهێنانە پڕ بکەینەوە.”
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی ئاماژەشی بەوە دا: “بۆ مووچەی مانگی هەشت پێویستمان بە 948 ملیار دینار هەیە.”
گوتیشى: “لەگەڵ ناردنی ئەو بڕە پارەیەی کە ماوە، لە زووترین کاتدا لیستی مووچە رادەگەیەنین و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت دەکەین”.
سەبارەت بە پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە لە داهاتی ناوخۆ، هونەر جەمال دەڵێت: “دوێنێ یەکشەممە زیاتر لە 91 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆمان رادەستی بەغدا کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا، خەرجیى دامودەزگاکانی حکوومەت و پێشینە و پارەی پرۆژەکان و خزمەتگوزارییەکان لە داهاتی ناوخۆ خەرج دەکرێت، لەبەرئەوە بۆ دابەشکردنی مووچە دەبێت بەغدا پارە بنێرێت.”
شوان بەرزنجی