ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆکی حکومەت: سوپاسی مامۆستایانی بەڕێز دەكەم كە هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خزمەتكردنی گەل و وڵاتەكەمانن

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئەیلوول، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2025-2024 لە قوتابخانەی نەجیبە خانی جەلیزادە لە شاری کۆیە لێدا.

سەرۆکی حکومەت، لە گوتارێکدا سوپاسی مامۆستایانی کرد كە هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خزمەتكردنی گەل و وڵاتەكەمان بوون، بەوەی كە نەوەیەكی نوێ پەروەردە دەكەن.

ئەمەش دەقی گوتارەکەیە:

بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
قوتابیيانی خۆشەویست، مامۆستایانی بەڕێز، بەیانیتان باش

دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن لە هەموو قوتابیيانی خۆشەویست پیرۆز دەكەم و سوپاسی مامۆستایانی بەڕێز دەكەم كە هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خزمەتكردنی گەل و وڵاتەكەمان بوون، بەوەی كە نەوەیەكی نوێ پەروەردە دەكەن. هیوادارم ئەمساڵ ساڵی ئارامی و سەركەوتن و خۆشی بێت بۆ هەموو قوتابيیان و لە ئێستاوە ئارەزووی سەركەوتن بۆ هەموو قوتابیيانی خۆشەویست لەم قوتابخانەیە و لە سەرتاسەری كوردستان دەكەم.

زۆر خۆشحاڵم كە ئێستا سەردانی ئەم قوتابخانەیە دەكەم كە بە ناوی قوتابخانەی (نەجیبە خانی جەلیزادە) كراوە كە كچی مامۆستای گەورە مەلای گەورەی كۆیەیە، كە پێش 100 ساڵ وەكوو یەكەم كچ بۆ قوتابخانەیەكی تێكەڵاو نێردرا، كە لەو سەردەمە بابەتی جیاوازیی ڕەگەزی نەك تەنیا لە كوردستان، لەسەر ئاستی دنیاش شتێكی زۆر دیار بوو، بەڵام بە ناردنی نەجیبە خان بۆ قوتابخانەی تێكەڵاو، سەردەمێكی نوێ دەستی پێكرد. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە كۆیە هەر لە دێر زەمانەوە مەڵبەندی زانست و مەعریفە و هونەر و شیعر و تێگەیشتن و شوێنی پێشكەوتن بووە و خەڵكی زۆر زانا و گەورەی لێ هەڵكەوتووە.
زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ لەگەڵتانین و لێرە زەنگی دەست پێكردنی قوتابخانە لێ دەدەین. بەم بۆنەیەوە پێم خۆشە بیری هەموو لایەك بێنمەوە كە ئەمڕۆ ڕۆژی پیرۆزی ڕیفراندۆمیشە، هەر بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی ئەم ڕۆژە پیرۆز و مێژووییە لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم.

ئێمە چەندین موژدەشمان پێیە بۆ خەڵكی كۆیە و دەوروبەری، یەكێك لەو موژدانە ئەوەیە كە لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەست بە دروستكردنی جووتسایدی هەولێر – كۆیە دەكەین، كە ئەمە خواستێكی دێرینی خەڵكی كۆیە بووە، دەزانم لە 2012ەوە هەوڵدراوە و بەردی بناغە بۆ ئەم ڕێگەیە دانراوە، بەڵام بە هۆكاری جیاواز تا ئێستا ئەم پرۆژەیە جێبەجێ نەكراوە، هیوادارم لە چەند ڕۆژی داهاتوو دەست بە ئەنجامدان و تەواوكردنی ئەم پرۆژەیە بكەین. هەروەها موژدەیەكی تریشم پێیە كە ئەویش بڕیارمان داوە بۆ بە قەزاكردنی ناحیەی تەقتەق وەكوو یەكێك لە كۆنترین ناحیەكانی كوردستان، كە ئەمەش یارمەتیدەرێكی زۆر دەبێت بۆ خەڵكی ناوچەكە و بارگرانیی ئیداری لەسەر شاری كۆیە كەم دەبێت و تایبەتمەندییەكی زیاتر بە تەقتەق دەدرێت. هیوادارم ئەوەش دیسان بكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیيانی كوردستان، بە تایبەتی خەڵكی كۆیە و تەقتەق.

شاراوە نییە كە ئەمڕۆ ڕۆژی دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردنە، ئەمەش ڕۆژێكی مێژووییە هەرێمی كوردستان و هەموو خەڵكی كوردستان، هەر لێرەوە من داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەم كە بانگەشەیەكی ئارام و شارستانییانە دەست پێبكەن و هەموو لایەك ڕەچاوی ئەوە بكەن كە بەرژەوەندیی باڵای وڵاتەكەمان لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی تر بێت و هەروەها سەركەوتنی هەڵبژاردن و دەستنیشانكردنی نوێنەران بۆ ئەوە بن كە زیاتر خزمەتی گەل و وڵاتەكەمان بكەن و هەموو ماف و حقووقی خەڵكی ئێمە دەستەبەر بكەن.

من جارێكی تر سوپاسی ئێوەی خۆشەویست دەكەم و هیوادارم هەمووتان سەركەوتوو بن. من دەبێ ئەو قسەیەش بكەم لە هاتنە ژوورەوەم قوتابییەكی زۆر خۆشەویست پێشوازیی لێكردم و زۆر سەرسام بووم بە توانای لە قسەكردن و بیركردنەوە، دەستخۆشی لە مامۆستایان دەكەم كە توانیویانە و قوتابیی وا پەروەردە بكەن.

جارێكی تر دەستخۆشیتان لێ دەكەم و ئینشائەڵا هەر سەركەوتوو دەبن.

هەواڵی پەیوەندیدار

محەمەد ئیلخانی: بە کۆتا کورسی سەرۆکۆماری وەردەگرن نابێت نارحەتبن بە كۆتا كورسیی پەرلەمانی كوردستان

دڵشاد

سەرۆک بارزانی: گەلی كوردستان لە ڕێگەی چەسپاندنی دۆزە ڕەواكەیدا لە خەبات و تێكۆشان بەردەوام دەبێت

دڵشاد

سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ پارێزگاری دهۆك: ئەوەی پێویستە بۆ پاراستنی هاووڵاتیان ئەنجام بدرێت

سەڵاح