ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

بە فەرمان و ڕەزامەندیی مەسرور بارزانى، (100) ڕێگەپێدانى دیكەی دروستکردنى خانوو لە سەر زەوی سندووقی ڕادەستى خاوەنەکانیان کرا

 

ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێكدا، لە دیوانی پارێزگای هەولێر 100 ڕێگەپێدانی دیكەی دروستكردنی خانوو لەسەر زەوی سندووقی ڕادەستی خاوەنەكانیان كرا، كە بە گوێرەی ئامارەكانی پارێزگای هەولێر تاوەكوو ئێستا 6 هەزار و 706 هاووڵاتی لە ڕێگەپێدانی زەوی سندووقی و ناوەندیی گوندەكان سوودمەند بوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی 10ی 2024، پارێزگای هەولێر لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، كە “لە سەر فەرمان و ڕەزامەندى مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقییەکان لە بەرژەوەندى هەژاران و کەمدەرامەتان، ئه‌مڕۆ، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بە ئامادەبوونى برزۆ زیاد، بەڕێوەبەرى خانووبەرەى میرى پارێزگای هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، لە ڕێوڕەسمێکدا وەک قۆناغى شەشەم (100) ڕێگەپێدانى دیکەى دروستکردنى خانوو لە سەر زەوی سندووقی ڕادەستى خاوەنەکانیان کرد.”

ئەوەشی بڵاو كردەوە، كە “لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەستخۆشى لە لیژنەى پارێزگا، سوپاسى سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانى کرد، بۆ چارەکردنى گرفتی زەوییە سندووقیەکان لە بەرژەوەندىی هەژاران و کەمدەرامەتان، پیرۆزبایی لە خاوەن زەوییەکان کرد و ئومێدى خواست لە زووترین کاتدا بتوانن دەست بە دروستکردنى خانووەکانیان بکەن و ببن بە خاوەنى خانووى خۆیان، داواشى کرد ئەو هاووڵاتیانەى کە تاوەکوو ئیستا مامەڵەکانیان پیشکەش نەکردووە، تاوەکوو1ی 12ی 2024، کە دوا مۆڵەتە مامەڵەکانیان پێشکەش بکەن.”

ئاماژەی بەوەش داوە، كە پارێزگاری هەولێر لە درێژەی قسەكانیدا، گوتویەتی: “بەناوى ئێوە و بەناوى خۆمان سوپاسى جەنابى سەرۆکى حكوومه‌تی هه‌رێمى کوردستان دەکەین، کە وه‌ك كارئاسانی بۆ هاووڵاتیانى هەژار و کەمدەرامەت، لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون بڕیارى تەملیککردن و ڕێگەپێدان بۆ دروستکردنى خانوو لەسەر ئەرزى سندووقى داوە.”

پارێزگاری هەولێر ئەوەیشی ڕاگەیاندووە: “هەموو ئەو هاووڵاتیانەى کە مامەڵەکانیان لە وردبینى و بەدواداچوون، بەپێى ئەو مەرجانەى دەستنیشانکراوە یەکلایی بۆتەوە و ڕێگەپێدانیان پێدراوە خانوو لە سەر ئەرزى سندووقى و لە ناو حەرەمى گوند خانوو دروست بکەن و نۆژەنى بکەنەوە، کۆى گشتیى (6706) هاووڵاتییە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، کە (3014) هاووڵاتى ڕێگەپێدانیان پێدراوە خانوو لە سەر ئەرزى سندووقى دروستبکەن، (707) هاووڵاتى ڕێگەپێدانى نۆژەنکردنەوەى خانوویان پێداراوە لەناو حەرەمى گوند و (2985) هاووڵاتى سوودمەندبوونە لە دروستکردنى خانوو لەناو حەرەمى گوند، هێشتاش بەشیکى زۆرى مامەڵەى دیکە هاووڵاتیان ماوە و لەلایەن لیژنەى پارێزگا ڕێوشوێنى یەکلاییکردنەوەیان تەواونەکراوە.”

ئاماژەی بەوەش كردووە، “ئەمە لە کاتێکدایە، وه‌ك كارئاسانی بۆ هاووڵاتییانى هەژار و کەم دەرامەت، لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون، لەسەر فەرمانى سەرۆکى حكوومه‌تی هه‌رێمى کوردستان، بڕیارى تەملیککردن و مۆڵەت بۆ دروستکردنى خانوو لەسەر زەوی سندووقى دراوە و (6356) هاووڵاتی لە سنوورى پارێزگاى هەولێر لەو بڕیارە سوودمەندبوونە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

مەسرور بارزانی بەردی بناغەی دوو پارک لە دهۆک دادەنێت

یاسین

هەوالی دلخۆشكه ر بۆ پالێوراوانی زەمالاتی ماستەر ودکتۆراە حکومەتی عيراقی فیدرال

یاسین

حكوومەتی هەرێمی کوردستان بەتەنگ داوایەكی دیکەی هاووڵاتییانەوە دەچێت

یاسین