هێرشێکی سایبەریی گەورە سوپەرمارکێتەکانی بەلجیکا، سوید، هۆڵەندا، ئەستۆنیا، لوکسمبۆرگ، فینلاند و ئێرلەندای گرتەوە؛ لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی بەفرگر و ساردکەرەوەکان، کەلوپەلی خۆراکی بە بەهای سەدان هەزار یۆرۆ زیانیان بەرکەوت.
دەیان سوپەرمارکێت لە ئەوروپا ڕایانگەیاند کە پلەی گەرمیی ساردکەرەوە و کۆگا ساردکەرەوەکانیان لە ماوەی شەودا بە شێوەیەکی لەناکاو بەرز بووەتەوە. ئامارەکان دەریانخستووە لە بلجیکا پلەی گەرمی تا ٧٠ پلەی سەدی بەرز بووەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوونی خۆراک بە بەهای سەدان هەزار یۆرۆ.
سەنتەری ئاسایشی سایبەریی بلجیکا (CCB) و بەرپرسانی ئەمنی پشتڕاستیان کردەوە کە ئاگاداری ڕووداوەکەن و جەختیان کردەوە کە ژمارەی هێرشە سایبەرییەکان لە ڕێگەی ژیریی دەستکردەوە بە خێرایی لە هەڵکشاندایە.
زیاتر لە ٤٠ سوپەرمارکێتی «دەلیز پرۆکسی»، ١٥ فرۆشگای «کارفور شەپ ئەند گۆ»، ١٥ فرۆشگای «ئەنتەرمارشێ»، ٥ وێستگەی خزمەتگوزاریی «ئسپار Q8»، گروپەکانی گۆشتفرۆشی و تەنانەت فرۆشگای کۆمپانیای «ئایکیا» لە شاری مون زیانیان بەرکەوتووە.
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای دامەزراندنی سیستمی ساردکەرەوەی «سابکۆبێل»، ستیفان مولانس، ڕایگەیاند کە هێرشەکەی بلجیکا ڕێک هەمان تەکنیک و میتۆدی هێرشەکەی مانگی پێشووی فەرەنسا (١٢ی تشرینی یەکەم)ی بەکارهێناوە، لە کاتێکدا ئامێرەکان لەسەر دۆخی بەستەڵەکشاندن (Defrost) ڕێکخرابوون.
مولانس جەختی کردەوە کە بەڕۆژوکردنەوەی نەرمەکاڵا (Software Update) بە تەنها بەس نییە، بەڵکو دەبێت گۆڕانکاریی فیزیکی ئەنجام بدرێت و ڕێگەی بەستنەوەی پارێزراوی ئینتەرنێت بێتە جێگرەوەیەک بۆ ڕێگری لە کەلێنە ئەمنییەکان.
لە بەرامبەردا، کۆمپانیای «دانفۆس» کە دابینکەری نەرمەکاڵای سیستمە ساردکەرەوەکانە، کڕیارەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی نەرمەکاڵا کۆنەکانیان بەڕۆژ نەکردووەتەوە، هەرچەندە تا ئێستا ناسنامەی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە بە نهێنی ماوەتەوە.
لە سوید فرۆشگاکانی زنجیرەی «ICA»، لە ئێرۆلەندا ١٣ فرۆشگای «SuperValu»، لە ئەستۆنیا سوپەرمارکێتی «Selver»، لە هۆڵەندا دەستبەجێ ١٧ کۆمپانیا، لە لوکسمبۆرگ سیستمی داواکاریی فرۆشگاکان، و لە فینلاندیش چەندین فرۆشگای زنجیرەی «K-Group» کەوتوونەتە بەر کاریگەریی ئەم هێرشە.
زانایان و شارەزایانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن کە ئامێرە دیجیتاڵییەکان پێویستە بکەونە ژێر پشکنینی تاقیگەیی و ئەمنیی توندەوە تاوەکو ڕێگری بکرێت لە هێرشی هاوشێوە و دزینی داتاکان یان زیاندانی مادی؛ بەتایبەت لەم سەردەمەی کە سیستمی بانکی، جزدانی دیجیتاڵی، و داهاتە نەختییەکان بەهەمان شێوە لەژێر مەترسیدایه و پێویستیان بە وەبەرهێنانی ئەمنی و پاراستنی زیاتر هەیە.

