ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت ژۆرناڵ بڵاویکردەوە، ئێران خەریکە پلان بۆ هێرشێکی بەهێز و پێچەڵپێچ بۆ سەر ئیسرائیل دادەنێت و جودا لە مووشەک و درۆن چەکی دیکەش بەکار دێنێت و کڵاوەی تەقینەوەی بەهێزتریش لەسەر مووشەکەکانی دادەنێت.
ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لەسەر زاری بەرپرسانی ئێرانی و عەرەب بڵاویکردووەتەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران خەریکی دانانی پلانێکی پێچەڵپێچە بۆ ئەوەی بە چەکی بەهێزتر لەوانەی لە هێرشەکانی پێشوودا بەکاری هێناون، هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەرپرسانی ئێران بە دیپلۆماتەکانی عەرەبیان ڕاگەیاندووە، لەبەرئەوەی ئەندامانی ئەرتەش لە هێرشی دوایی ئیسرائیدا کوژراون، لەم هێرشی تۆڵەسەندنەوەیەدا جگە لە سوپای پاسداران، ئەرتەشی ئێرانیش بەشدار دەبێت.
بەرپرسێکی ئێرانی ئاشکرای کردووە، ئەگەری هەیە بەشێک لە هێرشەکەی ئێران لە خاکی عێراقەوە بکرێت و دامەزراوە سەربازییەکانی ئیسرائیل دەکرێنە ئامانج، بەڵام هێرشەکە زۆر لە هێرشەکانی پێشتر بەهێزتر دەبێت.
هاوکات بەرپرسێکی ئێران بە واڵ ستریت ژۆرناڵی گوتووە، کۆماری ئیسلامیی ئێران نایەوێت بە هێرشەکەی خۆی کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دابنێت، بۆیە ئەم هێرشە دەخەنە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و بەر لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێ.
مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێرانیش جەختی لە هێرشی تۆڵەسەندنەوەی وڵاتەکەی بۆ سەر ئیسرائیل کردووەتەوە، بەڵام دەڵێت، ئەگەر ئیسرائیل بە ڕەفتارەکانی خۆیدا بچێتەوە و ئاگربەست قوبووڵ بکات و دەست لە کوشتاری خەڵکی بێتاوانی ناوچەکە هەڵگرێت، ئەگەری هەیە کاریگەریی لەسەر جۆر و توندیی هێرشەکەیان بۆ سەر ئەم وڵاتە هەبێت.
لە بەرانبەردا یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، دەڵێت ئێران لە پشتیوانی و پێکهێنانی گرووپی چەکداری لە ناوچەکەدا بەردەوامە و دوای ئەوەی ئیسرائیل حەماس و حزبولڵای تێکشکاند، ئێستا حکوومەتی ئێران خەریکە لە کەناری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردن گرووپی چەکداری دیکە ڕێک دەخات.