ڕێکخراوى نێوده‌وڵه‌تیى چاودێریی مافه‌كانی مرۆڤ (هیومان ڕایتس وۆچ) ئاشكراى ده‌كات، حکوومەتی عێراق پرۆسەی لەسێدارەدانی بەشێوەیەکی مه‌ترسیدار زیاد كردووه و لە ساڵی 2024 ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى (بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوه‌خته‌ى پارێزەران، یان ئەندامانی خێزانى كهسەكە) له‌سێداره دراون، زیاتر بووە.
هیومان ڕایتس وۆچ پێشتر ڕاپۆرتی دابوو، کە نزیکەی 150 حوكمدراو لە زیندانی ناسڕییە لە عێراق، بەبێ ئاگادارکردنەوەى پێشوه‌ختە، ڕووبەڕووی لەسێدارەدان ده‌بنه‌وه.
لە 25ی کانوونی دووەمی 2023، دەسەڵاتداران نزیکەی 13 پیاویان لە زیندانی ناسڕییە لەسێدارە دا، ئەمەش یەکەم لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ بوو لەدوای لەسێدارەدانی 21 پیاوی دیکە لە 16ی تشرینی دووەمی 2020.
ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ دوای ئەوە دێت، کە کۆمەڵەی زانایانی موسڵمان لە عێراق، بانگەوازێكی ئاراستەی (ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس) ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵاتدارانی عێراق، بۆ ڕاگرتنی هەموو ئەو لەسێدارەدانانه و هه‌ر کردەوەیەکی شەرمەزارکەر، کە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراقدا تێیدا به‌دی ده‌كرێت، ئەویش به ئامانجی: “سەرلەنوێ چاوخشاندنه‌وه به سیاسەتە ناڕەواکانی ئەمنی و دادوەریی حکوومەت و کارکردن بۆ ئه‌وه‌ى بەرپرسانی ئەو تاوانانە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، ئه‌مه‌ش دوای ئەوەی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیان خستە به‌رده‌م ئه‌و بەرپرسیارێتییە، بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان، بە هەموو دامەزراوە مرۆییەکانییهوه.”
ده‌سته‌ى زانایانى موسڵمان له عێراق، ئاماژەی بەوەش کردووە: “تا ئێستاش حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ ئەنجام دەدەن، سەرەڕای هەموو هۆشدارییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە بەردەوامیی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، کە کەمترین ستانداردی دادگایی‌کردنی دادپەروەرانە و ڕێکارە یاساییە دروستەکانی تێدا نییە.”
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش ده‌خرێته ڕوو، کە: “ده‌ركه‌وت حکوومەت و سەرۆکایەتیی كۆماری عێراق، بە پشتبەستن بە تۆمەتی ناڕاست و دادگایی‌کردنی ساختە، ئەم هەڵمەتانە جێبەجێ دەکەن و په‌له‌یان تێدا ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش مافەکانی مرۆڤ و بەهاکانی دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤ بە ئاشكرا پێشێل دەکەن و لەسەرووی هەمووشیانەوە پێشێلکردنی پیرۆزییەکانی خودای گەورەیه.”
ده‌سته‌ى زانایانی موسڵمانی عێراق، لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە: “سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بەیاننامەیەکی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو ڕەخنانەی ئاراستەی سەركۆمار کراوە، (كه تێیدا سەركۆنەى په‌سه‌ندكردنى حوكمه‌كانى له‌سێداره‌دان ده‌كرێت)، بڵاو كردووەته‌وه و تێیدا سهركۆمار به‌دوور ده‌گرێت له به‌شداریكردن له‌و تاوانانه، ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌رى ئه‌وه‌یه، كه هه‌ستكردن به به‌رپرسیارێتی له ئاستێكی نزمدایه و هیچ نیازپاكییەك بۆ جێبه‌جێكردنى داخوازیى خه‌ڵك نییه. ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ش شایانی ئاستى وتاری فه‌رمى نییه، كه پێویست بوو به‌رپرسیارانه‌تر ڕێز له داخوازیى به‌رانبه‌ر بگیرێت.”
ده‌سته‌كه‌ى زانایانى موسڵمان لە عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه: “بەیاننامەکەی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق ئاماژه‌یه به‌وه‌ى، سەرکۆماری عێراق بە خواستی هێزە سیاسییە تاکڕەوەکان (ئه‌وانه‌ى کاریگەریی ڕەهایان لە عێراقدا هەیە، بە هاوکاریی لەگەڵ میلیشیا تاوانبارەکان، کە بە پاڵنەرێکی تائیفیی قێزون تاوانەکانیان ئەنجام دەدەن) دوور لە بژاردەی مامەڵەکردنی یەکسان لەگەڵ هەموو عێراقییه‌كان كار ده‌كات.”
لهما فه‌قیه، بەڕێوەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ، گوتی: “دەسەڵاتدارانی عێراق بە ڕه‌زامه‌ندیى دەوڵەت، پرۆسەی کوشتن بە قەبارەیەکی مەترسیدار ئەنجام دەدەن، پەسەندکردنی ئەو لەسێدارەدانانەش، میراتێکی خوێناویی بۆ عەبدوللـەتیف ڕه‌شید، سەرکۆمارى عێراق، بەجێ دەهێڵێت.”
داواش ده‌كات، بە لەبەرچاوگرتنی تۆماری دامەزراوەی سیستمی دادوەریی عێراق لە پێشێلکارییەکانی ڕێکاری یاسایی، کە دەكاتە زەوتکردنی مافی ژیان، پێویستە عێراق بەپەلە هەموو لەسێدارەدانە هەڵپەسێردراوەكان ڕابگرێت و سزای لەسێدارەدان بەتەواوەتی هەڵبوەشێنێتەوە.