ئەمڕۆ شەممە 30ـی تشرینی دووەم ساڵی 2024، پەرلەمانی كوردستان بەرنامەی كاری یەكەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی بڵاو كردەوە.
بەپێی بەرنامەكە دوای كردنەوەی دانیشتنەكە، پەرلەمانتاران سوێندی یاسایای دەخۆن، دواتر بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆكایەتیی دانیشتنەكان دەكات.
ئەمڕۆ سامان ئەحمەد، بەرپرسی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان، بە ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: هۆڵی پەرلەمان بەبێ كێشەیە و بۆ كۆبوونەوەی رۆژی دووشەم ئامادەیە.
بەرپرسی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان گووتی: ئەمڕۆ شەممە پەرلەمانی كوردستان بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە بڵاو دەكاتەوە، بەپێی یاسا پێویستە 48 سەعات پێش كۆبوونەوەكە بەرنامەی كار بڵاو بكرێتەوە.
رۆژی سێشەم 26ـی تشرینی دووەم ساڵی 2024، دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ڕۆژی دووشەمی داهاتوو یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەچێت، دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستان لە کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆ دەست پێ دەكات.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی لە 20ـی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوەچوو.
رێباز یونس