سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە پەیامێکدا رایگەیاند “خەڵکی کوردستان هەرگیز رێگە نادات مافەکانی پێشێل بکرێت و ستەم و زۆرداری لێ بکرێت و عێراق بگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆری و تاکڕەوی.”
ئەمڕۆ (دووشەممە، 11-3-2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی 54ـەمین ساڵیادی رێککەوتننامەی یازدەی ئادار پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە لە بەشێکیدا دەڵێ “جەخت لە پێویستی و گرنگیی پاراستن و رێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.”
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
ئەمڕۆ پەنجا و چوار ساڵ بە سەر ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداری 1970 تێدەپەڕێت کە دەستکەوتێکی مێژوویی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بەڕابەرایەتی بارزانیی نەمر.
شۆڕش و خۆڕاگری و قوربانیدانەکانی گەلی كوردستان، حکومەتی ئەوکاتی عێراقی ناچار کرد دان بە بەشێک لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستاندا بنێت. بەتایبەتی رێککەوتن لە سەر هەموارکردنەوەی دەستووری کاتی و داننان بەوەی عێراق لە دوو نەتەوەی سەرەکی (عەرەب و کورد) پێکهاتووە و دەستووریش دان بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد دەنێت.
بەڵام دواجار رژێمی ئەو سەردەمەی عێراق، لە ڕێککەوتننامەکە پاشگەز بووەوە و پەنای بردەوە بۆ شەڕ و دژایەتیکردنی خەڵکی کوردستان و سەرەنجام عێراقی دووچاری ماڵوێرانی و کارەساتی گەورە کرد، کە تائێستاش خەڵکی عێراق، باجەکەی دەدەن.
لەم یادەدا، جەخت لە پێویستی و گرنگیی پاراستن و ڕێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەکەینەوە. خەڵکی کوردستان هەرگیز ڕێگەنادات مافەکانی پێشێل بکرێت و ستەم و زۆرداری لێ بکرێت و عێراق بگەڕێنرێتەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆری و تاکڕەوی.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/3/11