وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو پرۆژانەی لە گەڕەکی پیڕەش کراون بە گوژمەی زیاتر لە حەوت ملیار و نیو دینار بوون، تێچووی پرۆژەی ئاویش بۆ ئەو گەڕەکە زیاتر ملیارێک و 700 ملیۆن دینار بووە.
ساسان عەونی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتکردنی هاووڵاتییان لەو گەڕەکانەی تا ئێستا خزمەتگوزارییان پێ نەگەیشتووە، هەموو ئەمانە لەو دیدگایەوە سەرچاوە دەگرێت کە مەسرور بازرانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاراستە و ڕێنمایی دامەزراوەکان دەکات بۆ خزمەتگوزاری لەو شوێنانەی کە پێوسیتن تیایاندا بکرێت.”
ئەو وەزیرە دەڵێت: “ئەو پرۆژانەی لەم گەڕەکە کراون، زیاتر لەلایەن کۆمپانیایی هێمن گرووپەوە بووە بە گوژمەی زیاتر لە حەوت ملیار و نیو دینار، دروستکردنی ئاوەڕۆی سندووقی و قیرتاوکردنی دووشەقامی سەرەکی بوو، دواتر لەلایەن کۆمپانیایی “HMH”، کاری کردنەوەی ڕێگە و شەقامەکان بوو بە گوژمەی ملیارێک و 183 ملیۆن دینار.”
ساسان عەونی دەشڵێت: “ئەمڕۆ دانانی بەردی بناغەی تۆڕی ئاوە بە گوژمەی ملیارێک و 753 ملیۆن دینار، هەفتەی ڕابردوو ڕەزامەندی دانانی شۆستە، شەقام، دانانی کەربستۆن و چینی دووەمی تێکەڵە بۆ کراوە، هەفتەی ئایندە بە بڕی ملیارێک و 839 ملیۆن دینار دەست بەکار دەبێت.”