ئەمساڵ گەشەی ئابووریی ئێران بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٥٠٪ کەمی کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە لە دوو ساڵی ڕابردوودا بەهۆی زیادبوونی هەناردەی نەوتەوە گەشەی ئابووریی وڵاتەکە گەیشتبووە ٥٪، بەڵام پاییزی ئەمساڵ ئێران یەک لەسەر سێی هەناردەی نەوتەکەی واتە ٥٠٠ هەزار بەرمیلی لەدەست دا. ئەمەش لە کاتێکدایە بەپێی پلانی حەوتەمی پەرەپێدانی وڵاتەکە، دەبێ لە ماوەی پێنج ساڵدا ئابووریی ئێران ٨٪ گەشە بکات.
بەپێی ئامارە نوێیەکانی بانکی ناوەندیی ئێران سەبارەت بە دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە، گەشەی بەرهەمهێنانی ناوخۆ لە مانگی ئادار بەملاوە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو بۆ نیوە کەم بووەتەوە و گەشەی ئابووری کە لە هەمان ماوەی پارەکەدا ٥.٣٪ بوو، ئەمساڵ کەمی کردووە بۆ ٢.٩٪.
وردەکاریی ئامارەکە ڕوونی دەکاتەوە ئەمساڵ گەشەی ئابووریی ئێران لە وەرزی هاویندا بەراورد بە وەرزی بەهار کەمی کردووە و بە هەژمارکردنی نەوتی هەناردەکراوەوە نزیکەی ٢.٧٪ و بەبێ هەژمارکردنی نەوت ٢.٣٪ بووە.
لە دوو ساڵی ڕابردوودا گەشەی ئابووریی ئێران زیاتر بەهۆی گەشەی هەناردەکردنی نەوتەوە بووە نەک بوارەکانی خزمەتگوزاری و پیشەسازی و کشتوکاڵ. بەپێی ئامارەکانی بانکی ناوەندییش ساڵی ڕابردوودا گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە ٥٪ بووە، ئەوەش بەهۆی ئەوە بووە کە داهاتی هەناردەی نەوت ١٨.٨٪ زیادی کردووە. ئەمساڵیش کەرتی نەوت ٩.٣٪ گەشەی کردووە و گەشەی ئابووریی وڵاتەکەش هەر بەو هۆیەوە بووە.
ئامارەکانی کۆمپانیای کیپلەر کە چاودێریی کاڵا دەکات و کۆمپانیای ڤۆرتێسکا کە چاودێریی نەوتهەڵگرەکان دەکات، دەری دەخەن ئەمساڵ هەناردەی نەوتی ئێران بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٣٤٪ و بەراورد بە ساڵی پێشووتر نزیکەی ١٠٠٪ زیادی کردووە. بەڵام بەپێی ئامارەکانی کیپلەر و ڤۆرتێسکا پاییزی ئەمساڵ هەناردەی نەوتی ئێران ٥٠٠ هەزار بەرمیل کەمی کردووە کە دەکاتە نزیکەی یەک لەسەر سێی نەوتی هەناردەکراوی ئەو وڵاتە.
کەمبوونەوەی گەشەی ئابووریی ئێران لە کاتێکدایە بەپێی پلانی حەوتەمی پەرەپێدانی ئەو وڵاتە کە دەبێ لە ماوەی پێنج ساڵدا جێبەجێ بکرێت، گەشەی ئابووریی ٨٪ وەک ئامانجی پلانەکە دیاری کراوە. سندووقی نێودەوڵەتیی دراویش پێشبینیی کردووە گەشەی ئابووریی ئێران لە ئەمساڵەوە تا پێنج ساڵی داهاتوو بەردەوام کەم دەبێتەوە و دەگاتە ٢٪.