ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ژن و مێردێکی عێراقی لە ئەڵمانیا بە ئەشکەنجەدانی ئێزدیان تۆمەتبار کران

داواکاری گشتی فیدراڵی ئەڵمانیا تۆمەتی “ئەشکەنجەدان، کۆیلەکردن و تاوانی جەنگی” لە دژی ژن‌ومێردێکی عێراقی تۆمار کرد و ڕایگەیاند ئەم ژن ومێردە “دەست‌‌درێژی جەستەیی و سێکسی”یان کردووەتە سەر دوو کچی گەنجی ئێزدی.
بەپێی یاساکانی پاراستنی تایبەتمەندیی کەسی لە ئەڵمانیا، ئەم پیاو و ژنە تەنها بە ناوەکانی “توانا H.S و ئاسیا R.A” ناسێنراون و پۆلیسی ئەڵمانیا لە مانگی نیسانی ٢٠٢٤دا لە هەرێمی “بایرن” دەستگیری کردوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی داواکاری گشتی، ئەم ژن و مێردە، لە نێوان ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ و دیسەمبەری ٢٠١٧دا ئەندامی گروپی تیرۆریستیی داعش لە عێراق و سوریا بوون. دەگوترێت ئەوان لە کۆتایی ٢٠١٥ەوە کچێکی ٥ ساڵەی ئێزدی و لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە کچێکی ١٢ ساڵەیان بە “کۆیلە”کردووە.
بەپێی ڕاگەیاندنی داواکاران، ئەم پیاوە بە هاوکاریی هاوسەرەکەی لە ئامادەکردن و ڕازاندنەوەی ئەم دوو کچەدا، چەندین جار دەستدرێژی کردووەتە سەر هەردووکیان.
دەگوترێت ئەم هاوسەرە هەروەها بە ئەنجامدانی توندوتیژی جەستەیی توند دژی ئەم کچانە تۆمەتبارن. ئەوان ڕێگەیان لە کچەکان گرتووە ڕێوڕەسمە ئاینییەکانیان ئەنجام بدەن و ناچاریان کردوون کاری ماڵەوە و چاودێری منداڵان بکەن.
هەروەها، پیاوەکە تۆمەتبارە بە لێدانی کچە گەورەکە بە داری گسک و ژنەکەش تۆمەتبارە بە سوتاندنی دەستی کچە بچوکەکە بە ئاوی گەرم. هەردوو منداڵەکە چەندین جار ناچارکراون وەک سزا نیو کاتژمێر لەسەر یەک پێ بوەستن.
لە ڕاگەیەندراوی داواکاری گشتیدا هاتووە، تۆمەتباران پێش جێهێشتنی سوریا لە نۆڤەمبەری ٢٠١٧دا، کچەکانیان ڕادەستی ئەندامانی‌دیکەی داعش کردووە و دەڵێت: “هەموو ئەم کردەوانە لە پێناو ئامانجی گروپە تیرۆریستیەکە بۆ لەنێوبردنی ئاینی ئێزدی ئەنجام دراون.”

هەواڵی پەیوەندیدار

کەنەدا نیگەرانە لەسەر پلانی دیپۆرتکردنەوەی ملیۆنان پەنابەر لە ئەمەریکا

سەڵاح

لوبنان داوا لە عێراق دەکات گەشتە ئاسمانییەکانی دەست پێ بکاتەوە

سەڵاح

مەسرور بارزانی لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە

سەڵاح