ڕۆژی هەینی ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر هەشت بەرپرسی حکومەتی ڤەنزوێلادا سەپاند و پاداشتیشی بۆ ئەو زانیارییانەی ببنە هۆی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی ڤەنزوێلا لە 15 ملیۆن دۆلارەوە بۆ 25 ملیۆن دۆلار زیادکرد.
سزا نوێیەکانی ئەمەریکا بۆ سەر کاربەدەستانی ڤەنزوێلا هاوکاتن لەگەڵ دەستبەکاربوونی مادۆرۆ و دەستپێکردنی خولی سێیەمی سەرۆکایەتییەکەی لە ڤەنزوێلا.
لە نێو ئەو کەسانەی کە ڕۆژی هەینی بەڕێوبەرایەتی بایدن سزای بەسەردا سەپاندوون، هیکتۆر ئۆبرێگۆن، سەرۆکی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ڤەنزوێلا، ڕامۆن ڤێلاسکێز، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و چەند بەرپرسێکی سەربازی تێدایە.
هەروەها یەکێتی ئەورووپا، بەریتانیا و کەنەدا سزای هاوشێوەیان بەسەر بەرپرسانی ئێستا و پێشووی حکومەتی ڤەنزوێلادا سەپاندووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە مادۆرۆ و هاوکارەکانی بەردەوامن لە کارە سەرکوتگەرییەکانیان لە ڤەنزوێلا و هەر بۆیە واشنتن و هاوپەیمانەکانی وەک هاوسۆزی لەگەڵ گەلی ڤەنزوێلا ئەو درۆانەی کە گوایە مادۆرۆ لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتوو بووە، ڕەتدەکەنەوە.
نیکۆلاس مادۆرۆ لە وتارەکەیدا لە ڕۆژی هەینیدا بۆ دەستبەکاربوونی، ئیدارەی جۆو بایدنی بە “تۆڵەسەندنەوە” تۆمەتبار کرد.
مادۆرۆی تەمەن 62 ساڵ، لە هەڵبژاردنی مشتومڕاوی کۆتایی مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو کە لە ناوەڕاستی قەیرانی قووڵی سیاسی و کۆمەڵایەتی وڵاتەکەدا بەڕێوەچوو، ئیدیعای سەرکەوتنی کرد.
لەبەرامبەردا ئێدمۆندۆ گۆنزالێزی تەمەن 75 ساڵ کە سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنە، خۆی بە براوەی هەڵبژاردنەکە دەزانێت. ئەمەریکا و هەندێک وڵاتی دیکەی جیهان گۆنزالێز بە سەرۆکی هەڵبژێردراوی ڤەنزوێلا دەزانن.
چاودێرانی نێودەوڵەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڤەنزوێلایان بە “نادادپەروەرانە” ناوبرد.
مادۆرۆ لە ماوەی نزیکەی 12 ساڵی دەسەڵاتداری وەک سەرۆکی ڤەنزوێلا، لە پشتیوانی حکومەتەکانی ئێران، ڕووسیا و چینی بەهرەمەند بووە.
بەڕێوبەرایەتی پێشووی دانۆلد ترامپ نیکۆلاس مادۆرۆ و بەشێک لە بەرپرسانی دیکەی ڤەنزوێلایان بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و گەندەڵی تۆمەتبار کردبوو و سیاسەتی “زۆرترین فشار”یان لە دژی حکومەتی ڤەنزوێلا پەیڕەو کردبوو. بەڵام دیار نییە ترامپ لە خولی دووەمی خۆیدا چ سیاسەتێک بەرامبەر بە ڤەنزوێلا دەگرێتەبەر.