بەپێی ڕاپۆرتێكی رۆژنامەی (ئەلسەباح)، بەكارهێنانی هۆشبەرەكان لەناو چین و توێژەكانی خەڵكی عێراق زۆر زیادی كردووە و رێژەی ئافرەتانیش لەناو بەكارهێنەرانی هۆشبەرەكان 15%ەیە، تەنانەت ئافرەت لەناو تۆڕەكانی بازرگانیكردن بە هۆشبەرەكان هەن.
لە راپۆرتەكەیدا (ئەلسەباح) سەردانی بەشی راوێژكاریی نەخۆشخانەی (ئەلعەتا)ی كردووە و چەند كچ و ئافرەتێكی دواندووە، كە هۆشبەرەكان بەكار دێنن و لە نەخۆشخانەكە چارەسەری وەردەگرن.
مستەفا عەلی ئەلساكنی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئەلعەتا بۆ چارەسەری ئالوودەبووانی هۆشبەرەكان و ئارامكردنەوەی دەروونی رایدەگەیەنێ: ”رێژەی ئافرەتانی بەكارهێنەر و ئالوودە بە هۆشبەرەكان 15%یە، بەڵام ئێمە دەزانین لەم رێژەیە زیاتریشە، چونكە لە ترسی پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و خێزانی و خێڵەكییەكان، ئافرەتان ناوێرن سەردانی نەخۆشخانە بكەن بۆ وەرگرتنی چارەسەر“.
گوتیشی: ”تەمەنی ئەو كچانەی گیرۆدەی بەكارهێنانی هۆشبەرەكان هاتوون لەنێوان 18 و 30 ساڵدان و زیاتر دەستیان بە حەب ڕادەگات و هەندێكیشیان كریستاڵ بەكار دێنن.“
دكتۆر ساكنی دەشڵێت، كە نەخۆشخانەكەیان هۆڵی تایبەت بە ئافرەتانیان نیە، چونكە كادیری ئافرەتی تایبەت بەو بوارەیان نیە و هەروەها بینای تایبەتیشیان نیە، بۆیە تەنیا بۆ مەبەستی راوێژ و چارەسەر پێشوازیی لە كچان و ئافرەتانی گیرۆدەی هۆشبەرەكان دەكەن و دەیاننێرنەوە ماڵەوە و بەردەوام چاودێریشیان دەكەن. گوتیشی: ”وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی و دەروونی بە شێوەیەكی تەواو نهێنی و بە خۆڕایییە بۆیان.“
حەیدەر تەیب، پزیشك لە نەخۆشخانەكە، بۆ (ئەلسەباح) رایگەیاندووە، وەرگرتنی چارەسەری بە سێ قۆناغ دەبێ، ”قۆناغی رزگاربوون لە ژەهرەكان بۆ ماوەی دوو هەفتە، قۆناغی ئامادەكردنەوەی دەروونی بۆ ماوەی شەش مانگ و قۆناغی چاودێریی بەردەوام، بۆ رێگریكردن لە دووبارە گەڕانەوە بۆ بەكارهێنانی هۆشبەرەكان، هەرچی سەبارەت بە دەرمانەكانە، ئەوا بە گوێرەی حاڵەتی بەكارهێنەرەكە دەبێت.“
ئەرشەد ئەلحاكم، گوتەبێژ بە ناوی دەزگای ئەمنیی نیشتمانی، سەبارەت بەم دیاردەیە بۆ (ئەلسەباح) دەڵێت: ”توانیومانە پرۆسەی وردی بەدواداگەڕان و چاودێری و نانەوەی كەمین بۆ دەستگیركردنی بەكارهێنەران و تاوانبارانی بەكارهێن و بازرگانیكار بە هۆشبەرەكان دابنێینەوە و ژمارەیەكی زۆریان لێ دەستگیر بكەین، هەروەها توانیومانە چوار تۆڕی بازرگانیی نێودەوڵەتیی هۆشبەرەكان هەڵوەشێنینەوە، لەناویاندا تۆڕی بیانی هەبوو، كە ئافرەتیشیان لەناودا بوو.“
ئەلحاكم جەختیش دەكاتەوە، كە دەزگای ئەمنیی نیشتمانی بە چڕی چاودێریی ئەو بابەتە دەكات، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە كچان و ئافرەتان، ئەویش بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەكانی دیكە و بە هەماهەنگیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، كە هەوڵێكی زۆر دهدات بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە، بۆ سنوورداركردنی گواستنەوە و بازرگانیكردن بە هۆشبەرەكان.