وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند كە وڵاتی توركیا ژمارەیەك زەمالەی خوێندنی ماستەر و دكتۆرای پێشكەش بە قوتابییانی هەرێمی كوردستان كرد.
وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاوی كردەوە: لە ئەنجامى سەردانى ساڵى ڕابردووى د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ وڵاتى تورکیا و بەسەرکردنەوەى دامەزراوەکانى ئەو وڵاتە و ئەنجامدانى لێکگەیشتنى هاوبەش بۆ ئاڵوگۆڕى زانستى و ئەکادیمى و پێشکەشکردنى زەمالەى خوێندن بە فێرخوازانى هەرێمى کوردستان، وڵاتى تورکیا 13 کورسى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە بوارى جیا جیا پێشکەش بە وەزارەتەکەمان کردووە.
بڵاویشی كردەوە: بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى مامۆستایان و فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و سەرجەم وەزارەتەکانى دیکە ئاگادار دەکاتەوە، دەتوانن داواکارى بۆ پێشکشەکردنى ئەم زەمالەیە پێشکەش بکەن، داواكارییەكەش بەمشێوەیەى خوارەوە دەبێت:-
– هەشت کورسی بۆ دامودەزگاکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی.
– پێنج کورسی بۆ وەزارەتەکانی دیکە.
هەر کەسێک سەرباری مەرج و ڕێنماییەکانی زەمالەى تورکیا، مەرجەكانی خوێندنی تێدابێت و ئارەزووی خوێندن لە وڵاتی تورکیای هەبێت، دەتوانێت داواكاری پێشكەش بكات.
بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر كلیك لەسەر ئەم (لینكە) بكەن.