حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق، لە بەرنامەی (الجانب الاخر)ـی کەناڵی ئەلجەزیرە. لەبارەی ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی دواتر، وەك هەمیشە كۆمەڵێك لێكدانەوەی پڕ لە ڕق و قین و دوور لە ڕاستی باسكردووە، كە جێگەی سەرسوومانێكی زۆرە و دڵنیاشین تەنانەت خۆشی بڕوای بە قسەكانی خۆی نیە، بۆیە لە وەڵامی بێڕێزی و ناڕاستییەكانیدا دەڵێین:
ڕیفراندۆم مافێكی سرووشتی و دەستووریی گەلی كوردستانە. ئەوەی گەلی كوردستان ئەنجامیدا دەستووری و یاسایی و بە شێوازێکی زۆر ئاشتیانە بوو. ڕیفراندۆم پرۆسەیەک نەبوو بێ هۆکار کرابێت، بەڵکوو دەرئەنجامی سیاسەتە تایفی و پێشێلکردن و جێبەجێ نەکردنی دەستوور و هەڵەكانی دەستەڵاتدارانی عێراق بوو بە خودی عەبادیشەوە. ئەوان هیچ بەهایەكیان بۆ دەستوور و شەراكەت نەهێشتەوە و ڕێگەی تاكڕەویی و تایفەگەری و شۆڤینیەتیان گرتەبەر و دەستووریان پێشێل كرد، تەنانەت دەستیان بۆ بڕینی قووتی خەڵكی كوردستان برد. كورد بڕوای بە دەستوور و عێراق و شەراكەت هەبوو و زۆریش هەوڵی لەپێناو دا، بەڵام ئەوە دەستەڵاتدارانی عێراق بوون، كە لەخزمەتی ئەجیندای دەرەكی و تایفی بوون و بڕوایان بە عێراق و دەستوور و شەراكەت و مامەڵەکردن بە یەکسانی لەگەڵ هەموو پێکهاتەکان نەبوو. هەروەك لە دیپاجەی دەستووری عێراقیشدا هاتووە، پابەندبوون بە دەستوور، مەرجە بۆ مانەوەی عێراق بە یەكگرتوویی. با عەبادی وەڵاممان بداتەوە کە بۆچی پابەندی دەستوور نەبوون؟ بۆچی بنەماكانی شەراكەت و هاوسەنگیی و سازانیان پێشێل كرد؟ بۆچی وڵامی داوا ڕەواكانی گەلی كوردستانیان بە چەك و جووڵاندنی هێز دایەوە؟ عەبادی لە ڕێگەی بەکارهێنانی سوپا و جووڵاندنی هێز بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی سیاسی، بە ئاشكرا دەستووری پێشێل كرد و بە هێنانی هێزی بیانی و ملكەچبوون بۆ ئەجیندای ئیقلیمی لەدژی خەڵكی كوردستان، سەروەریی عێراقیشی پێشێل كرد. بۆیە عەبادی دەبێ دوایین كەس بێت باسی سەروەریی عێراق و یاسا و دەستوور بكات.
لەبارەی پەلاماردان و هێرشی سوپا و میلیشیاکانیشیان بۆ كەركووک و هەرێمی كوردستان ، ئەوە هەموو لایەك زۆر باش دەزانن كە ئەوان تەنیا بەهۆی خیانەتی شازدەی ئۆکتۆبەر، توانیان كەركووك داگیر بكەن. ئەگەر مەبەست و ئامانجی عەبادیش لە جووڵاندنی هێز، وەک خۆی دەڵێ تەنیا جێگیربوونیان بووە لە مەعسكەریK1 بووە، بۆ پێمان ناڵێت هێزەكانیان لە پردێ و سحێلا چیان دەكرد؟ بۆ پێمان ناڵێت ئابرامزەكانیان بۆ لە پردێ شكان؟ ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئامانجی عەبادی و شۆڤینیەكانی تر، ئەوە بوو تەواوی كوردستان داگیر بكەن، بەڵام پێشمەرگە لە پردێ و سحێلا دەرسێكی وایان پێدان كە تاهەتایە لەبیری نەکەن. مێژوو پڕە لەو نموونانەی لەدژی خەڵكی كوردستان هێز و ستەمكارییان بەكارهێناوە و لە ئەنجامیشدا لەسەر دەستی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی كوردستان ڕەوانەی زبڵدانی مێژوو كراون. بۆیە بە عەبادی و هاوشێوەكانی دەڵێین، بەسە، پەند لە مێژوو وەرگرن..