zagros news agency

باڵیۆزی سوید بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کرا

لە وڵامی بانک‌کردنی باڵیۆزی ئێران لە سوید، لە ئێرانیش “ماتیاس ئۆتەرشتد”، باڵیۆزی سوید، ڕۆژی دووشەممە ١٠ی ئادار بۆ لێپرسینەوە بانگ‌کرایە وەزارەتی دەرەوەی ئێران.
ئەم هەنگاوە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان دەربارەی خراپبوونی باری تەندروستیی “ئەحمەدڕەزا جەلالی”، توێژەری ئێرانی-سویدی و زیندانیی حوکمدراو بە لەسێدارەدان، نرا. دوابەدوای ئەمە، حکوومەتی سوید داوای ئازادکردنی دەستبەجێی جەلالیی کرد و بۆ ئەم مەبەستە باڵیۆزی ئێرانی لە ستۆکهۆڵم بانگ‌کردە وەزارەتی دەرەوە.
میدیای ئێران بڵاویان کردەوە لە چاوپێکەوتنی “شەهرام قازی‌زادە”، سەرۆکی بەشی سێیەمی ڕۆژئاوای ئەوروپای وەزارەتی دەرەوەی ئێران و باڵیۆزی سوید، گوتراوە: “حکومەتی سوید لەو ئاستەدا نییە کارکردنی دامەزراوە یاساییەکانی ئێران بخاتە ژێر پرسیارەوە.”
قازی‌زادە هەروەها بە ئاماژەکردن بە دۆسیەی نیلوفەر زارع، ئەو هاوڵاتییە ئێرانیەی لە ڕووداوێکی توندوتیژیدا لە سوید کەوتە بەر هێرش، داوای کرد حکوومەتی ئێران لە ڕەوتی دادوەریی ئەم دۆسیەیە ئاگەدار بکرێتەوە.
ئەحمەدڕەزا جەلالی، پزیشک و مامۆستای زانکۆ هاوڵاتییەتییەکی خاوەنی دوو ناسنامەیە و ٨ ساڵ لەمەوبەر بۆ بەشداری کردن لە “کارگەی بەڕێوەبردنی قەیران” بۆ زانکۆکانی تاران و شیراز بانگهێشت کرابوو. لە بەهاری هەمان ساڵ فەرمانبەرانی ڕێکخراوی زانیاریی سوپای پاسداران گرتیان و ڕاونەی بەندیخانەی ئێڤینی تارانیان کرد.
جەلالی، هەرئەو ساڵە بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر، لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕش بە تۆمەتی سیخوڕی حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا و خێزنەکەی ئەم تۆمەتانەیان ڕەت کردەوە.
ئەم ماموستایەی زانکۆ لەم دواییانەدا لە گرتەیەکی دەنگیدا لە زیندانەوە بەرەو دەرەوە، داوای لە حکومەتی سوید کرد هەرچی زووترە ئەو “بۆ ماڵەوە” بگەڕێنێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

راگەیەندراوێک لەوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

یاسین

پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی ملازم خدر

یاسین

پێنج كۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران بریندار کران

سەڵاح