ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

دەقی گوتاره‌کەی مەسروور بارزانی لەگەڵ جووتیاران و فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 10ـی ئاداری 2025، لە سنووری میحوەری پێنجی ڕۆژئاوای کەرکووک ، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە پێشمەرگە و جووتیارانی ناوچەکە، بەشداریی خوانێکی بەربانگی کرد.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسروور بارزانی، لە گوتەیەکدا بۆ پێشمەرگە و جووتیارانی ئەو ناوچەیە گوتی، “شانازی دەکەم کە بۆ بەربانگی ئەمڕۆ توانیم بێمە خزمەتی ئێوەی خۆشەویست، بۆ دووپاتکردنەوەی پشتیوانی خۆمان لە برا جووتیارەکانمان، هەروەها بۆ بەسەرکردنەوەی پێشمەرگە قارەمانەکان، هاوکات دەستخۆشی کردن لەو پێشمەرگە قارەمانانەی کە بەشەو و ڕۆژ شەونخوونی دەکەن، ماندوو دەبن، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بەسەر بەرزی بژین و درێژە بە ژیان بدەین.

دەقی گوتاره‌کەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان :

بەناوی خودای گەورە.

بەڕێزان زۆر زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دام زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لە خزمەتی ئێوەدام، بەخێرهاتنێکی گەرمی جووتیارە بەڕێزەکان دەکەم، هەموو فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەکانیش کە لێرە ئامادەن.

من خۆم بەسەربەرز دەزانم و شانازی دەکەم کە بۆ بەربانگی ئەمڕۆ توانیم بێمە خزمەتی ئێوەی خۆشەویست، بۆ دووپاتکردنەوەی پشتیوانی خۆمان لە برا جووتیارەکانمان، هەروەها بۆ بەسەرکردنەوەی پێشمەرگە قارەمانەکان، هاوکات دەستخۆشی کردن لەو پێشمەرگە قارەمانانەی کە بەشەو و ڕۆژ شەونخوونی دەکەن، ماندوو دەبن، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین بەسەر بەرزی بژین و درێژە بە ژیان بدەین.

بەڕاستی ئەوەی پێشمەرگە کردوویەتی، هەموومان قەرزداری خزمەت و ماندووبوون و قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکانین، جێی خۆیەتی سەری ڕێز و نەوازش بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانیش بنووێنین کە ئەوان ئەمڕۆ بە جەستە لەگەڵمان نین، بەڵام دڵنیایین ڕوحیان شادە کە ڕێگەیان لەلایەن پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکێکی خۆڕاگری ئەم وڵاتە لەسەری دەڕۆن، ڕێگەکەیان چۆڵ نەکراوە و چۆڵیش ناکرێت.

ئێمە هەموومان ئەو دیمەنانەمان بینی کە چۆن ئەو هێزانە پەلاماری جووتیارەکانیان دا، دیمەنێکی زۆر زۆر ناشرین بوو، بەڵام بینیشمان کە دەستبەجێ جەنابی سەرۆک بارزانی هەر زوو وەڵامی دایەوە و لەگەڵ بەغداش قسەی کرد و ئامادەیی خۆشمان دەربڕی کە ئێمە ئامادەین بەهەموو جۆرێک بەرگریی لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی مافی جووتیاران بکەین، ئێمە لەسەر ئەو بەڵێنە بەردەوامین، بەهیچ جۆرێک ئێمە واز لە هیچ بستێکی خاکی ئەم وڵاتە ناهێنین، بەداخەوە هەرچەندە چەندین جار بەڵێندراوە و ڕێککەوتن کراوە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا، هەر دوای دروستبوونی حکوومەتی نوێ لە دوای نووسینەوەی دەستوور لە 2005، دەبووایە ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن، من پێم وایە لەو سەردەمەش، هەڵەیەکی گەورە کرا کە ناو لەو شوێنانە نرا ناوچەی ناکۆکی لەسەر، ئەوانە ناوچەی ناکۆی لەسەر نین، ناوچەی داگیرکراون، ناوچەی دابڕێندراون، ئەوانە هەموو ناوچەی کوردستانین کە بەزۆر لە خەڵکی ئێمە سەندراوە، دەبێت ڕۆژێک هەر بێت خەڵکی ئێمە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، بەڵام بە سەربەرزی، ئێمە دەمانەوێت بە ئاشتییانە هەموو بستێکی خاکی وڵاتەکەمان بگەڕێنینەوە، ماندووبووین لە توندوتیژی، لە شەڕکردن، بەڵام یەک هەڵوێستی و ئیرادەی بەهێزی خەڵکەکەمان دەتوانێت وابکات کە ئێمە بتوانین نەوەک هەر ماددەی ماددەی 140 جێبەجێ بکەین، بەڵکو هەموو بەندەکانی دەستووریش وەک ئەوەی هاتووە، بەو شێوەیە جێبەجێ بکرێت.

گرنگە ئێمە یەکهەڵوێست بین، یەکڕیزی خەڵکی کوردستان گرنگە، لەوە گرنگتر ئەوەیە کە بەرژەوەندی باڵای خەڵک و وڵاتەکەت بخەیتە سەرووی بەرژەوەندی حزبی و شەخسی، ئەگەر ئێمە هەموومان لەپێناو کوردستاندا خۆمان بەخت بکەین، لەپێناو خاکی کوردستاندا یەکگرتوو بین، هیچ هێزێک پێمان ناوێرێت، هیوادارم ئێمە بتوانین لەمەودواش ئەوەی پێمان بکرێت لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندا بین، لە خزمەتی ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستدا بین، دڵنیاش بن برا جووتیارەکان، لە جەنابی سەرۆکەوە، لە حکوومەتی هەرێمەوە، هەر هەموومان بەردەوامین لە گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا، پێشنیاز کرا لەگەڵ هاوپەیمانان قسە بکەین، لەگەڵ ئەوانیش قسەمان کردووە و بەردەوام دەبین لە قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە، ئەمە بابەتێک نییە بە پۆستێک و دوو پۆست لە کەرکووک چارەسەر بکرێت، دەبێت بەشیوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت، کەرکووک خۆی بەلای ئێمەوە دڵی کوردستانە و دەبێت ڕۆژێک بێت بگەڕێتەوە سەر کوردستان، نەوەک پۆستێک و دوو پۆست، بەڵام ئەمە بە هیمەت و ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان دەکرێت، هیچ هێزێک لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بەهێزتر نییە، بەڵام دەبێت ئێمە ئامادەبین، لەپێناو وڵاتەکەمان، لەپێناو سەربەرزیی گەلەکەمان خۆمان بەخت بکەین.

من خۆشحاڵم کە ئەو هەموو فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانانە دەبینم لێرە کە ئامادەن خۆیان لەپێناو ئەو خاکە و لەپێناو سەروەری و بەختەوەری ئێوە بەخت بکەن، سوپاسی هەر هەمووتان دەکەم، ئنشائەڵڵا هەر سەرکوتوو بن، لە کۆتاییدا دەمەوێت ڕۆژی جلوبەرگی نەتەوەیی لە هەمووتان پیرۆز بکەم، ڕەمەزانیش لە هەمووتان پیرۆز بێت، ئینشائەڵڵا خودا دوعا و نوێژ و ڕۆژی و تاعەتی ئێوە قەبوڵ بکات و ئنشائەڵڵا هەر سەرکەوتوو دەبن، هەر سەربەرز دەبن، کوردستانیشمان ڕۆژ بەڕۆژ ئاوەدانتر دەبێت، زۆر زۆر سوپاس.

هەواڵی پەیوەندیدار

سلێمان… ٦٠ تۆن گۆشتی بەستووی خراپبوو هاوردە کراوە

سەڵاح

نمە باران دەبارێت

یاسین

رێکخراوی مافی مرۆڤ داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران دەکات

سەڵاح