کۆمپانیای گشتی خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەوانیی ئاسمانی عێراق، سەر بە وەزارەتی گواستنەوە، ڕۆژی چوارشەممە 9ی نیسانی 2025 ڕایگەیاند، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی فەرەنسی “ئێرفرانس” (Air France)، دوای زیاتر لە پێنج مانگ وەستان، جارێکی دیکە دەستی بە بەکارهێنانەوەی ئاسمانی عێراق کردووە و خستوویەتیە نێو بەرنامەی گەشتەکانیەوە.
ئەم بڕیارە دوای هەوڵە بەردەوامەکانی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی متمانەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە سەلامەتی و کارایی ئاسمانی وڵات دێت.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، ڕایگەیاند: “بەهۆی بەدواداچوونی ڕاستەوخۆ و هەوڵە بێوچانەکانی ئەم وەزارەتەوە، کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئێرفرانس جارێکی دیکە دەستی بە تێپەڕین بە ئاسمانی عێراقدا کردووەتەوە.” هەر لەم بەیاننامەیەدا جەخت لە پابەندبوونی حکوومەتی عێراق بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری فڕۆکەوانی ئاسمانی بە کوالێتیی بەرز و بەپێی ستانداردە جیهانییەکان کراوەتەوە.
عەباس بەیزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی خزمەتگوزارییەکانی فڕۆکەوانی ئاسمانی عێراق، لەمبارەیەوە گوتی: “گەڕانەوەی ئێرفرانس بۆ ئاسمانی عێراق دوای زیاتر لە پێنج مانگ، دەرئەنجامی هەوڵە هەماهەنگەکانی ئێمەیە بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتی و سەرنجڕاکێشیی ئاسمانی عێراق بۆ کۆمپانیا فڕۆکەوانییە نێودەوڵەتییەکان.”
هەروەها گوتیشی: ” ئێمە پابەندین بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە ئاستی ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا، تا پێگەی ئاسمانی عێراق وەک یەکێک لە ڕێڕەوە سەرەکی و سەلامەتەکانی ناوچەکە بچەسپێنرێت.”
بە گوتەی بەیزانی، ڕێڕەوە ئاسمانییەکانی عێراق بەهۆی کورتکردنەوەی ماوەی گەشتەکان و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی، بوونەتە بژاردەیەکی پەسەند بۆ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی. ئەو جەختی کردەوە: “ئەم تایبەتمەندییانە نەک هەر خەرجییەکی ئابووری بۆ کۆمپانیاکان پاشەکەوت دەکەن، بەڵکو ئاسمانی عێراقیان کردووەتە پردێکی ستراتیژیی گرنگ لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا و توانای ڕکابەرییەکەی لە ئاستی جیهانیدا بەرزکردووەتەوە.”
شارەزایان پێیان وایە ئەم ڕووداوە دەتوانێت زەمینە بۆ گەڕانەوەی کۆمپانیا گەورەکانی دیکەی فڕۆکەوانی بۆ ئاسمانی عێراق خۆش بکات و یارمەتیدەر بێت بۆ بەهێزکردنی ئابووری ئەم وڵاتە لە ڕێگەی زیادکردنی داهاتەکانی هاتوچۆی ئاسمانییەوە.
تائێستا ئێرفرانس هیچ وردەکارییەکی زیاتری سەبارەت بە هۆکارەکانی وەستانی پێنج مانگەی یان پلانەکانی داهاتووی بۆ بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە وەک هەنگاوێکی ئەرێنی لە چوارچێوەی پەرەپێدانی هاریکاریی فڕۆکەوانی لەنێوان عێراق و ئەوروپادا سەیر دەکرێت.
هەواڵی داهاتوو

