دواى نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە 2024.3.17، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لهگهڵ قائیمقام و بەرپرسانى فهرمانگه خزمەتگوزارییەکان و لایهنه پهیوهندیدارهكان، سەبارەت بە ڕەوشی کەش وهەواو و پێشبینیەکانی کەشناسی بۆ ئەو ڕێژە باران بارینەى کە چاوەڕوان دەکرێت لەچەندڕۆژى داهاتوو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ببارێت، ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، دواى هەڵسانگدن بۆ ڕەوشەکە، پارێزگارى هەولێر دەستخۆشى لە سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان کرد بۆ ئەو هەنگاو و کارانەی کە لە ماوەى ڕابردوودا ئەنجامیانداوە و جەختى لە هەماهەنگی نێوانیان کردەوە، هەروەها ئاماژەى بەوەدا کە بەهۆى ئەو هەوڵ و کار و پڕۆژانەى کە لە ماوەى ساڵانى ڕابردوودا و بەر لەوەرزى باران بارینى ئەمساڵ لە پێناوى ڕوونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسیەکانى لەسنوورى پارێزگاکەمان ئەنجامدراوە، توانراوە لە شارى هەولێر مەترسیەکانى لافاو کەمبکرێتەوە، سەبارەت بەو ڕێژە باران بارینەش کە چاوەڕوان دەکرێت لە چەندڕۆژى داهاتوو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ببارێت، دواى پێشکەشکردنى ڕاپۆرتى کەش ناسى لەلایەن بەڕێوەبەرى گشتیى کەش ناسى و پێشبینیەکانیان بۆ ڕەوشى کەش و هەواى چەند ڕۆژى داهاتوو، کۆبوونەوە گەیشتە ئەو بڕیارانەى لاى خوارەوە:-
یەکەم/ سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان، هەریەک لە سنووری خۆی ژوورێکى عەمەلیات پێکدەهێنێت و لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ ڕوودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و چارەسەرکردنى ئەو گرفت و کێشانەى کە دەبنە هۆکار و مەترسى دروستبوونى لافاو.
دووەم/ بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئاوەڕۆ و ئاودێرى، بەردەوام دەبن لە پاککردنەوەى ڕێرەکانى (ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكان).
سێیەم/ سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕیوەبەرایەتى گشتیی شارەوانییەکان، لەگەڵ سەرجەم تیمەکانیان لە ئامادەباشی و هەماهەنگی یەکتردابن بۆ هەر ئەگەر و پێشهات و ڕووداوێکى چاوەڕوان نەکراو.
چوارەم/ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتى پاراستنی ڕێگا و بانی هەولێر، وەک پێشوتر لەسەر ڕێگا گشتیی و سەرکیەکانى دەرەوەى شار دابەشدەکرێن و بەردەوام دەبن لە پاراستن و چاککردنەوە و رێکخستنەوە و پاککردنەوە ڕێگای سەرەکییەکان.
پێنجەم/ (ئاسايش، پۆلیس، بەرگری شارستانی، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، تەندروستی) لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ ڕوودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و مەترسى دروستبوونى لافاو.
شەشەم/ ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا و دەزگای خێرخوازی بارزانی، لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لە ئامادەباشی دادەبێت بۆ چارەسەرکردنى هەر ڕووداوێک و دروستبوونى هەر کێشە و گرفت و حاڵەتێکى نەخوازراو.
حەوتەم/ سەرجەم شار و سیتیەکان، لە بەرامبەر پاککردنەوەى ڕێرەى ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورسى کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانى سنوورەکانیان بەرپرسیارن.
هەشتەم/ داواى لە هاوڵاتییان دەکەین هەمانگ و هاوکاری تیمەکانبن و پابەندی ڕێکار و ڕێنماییەکانبن، لەحاڵەتى باران بارینى زۆر نزیکى ڕووبار و ئەو شوێنانە نەبنەوە کە ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە.
نۆیەم/ سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندارەکان لە جێبەجێکردنى ئەو بڕیارانە بەرپرسن و لەبەرامبەر هەر کەمتەر خەمییەک لە جێبەجێکردنى ئەرک و کارەکانیان هەریەکه و بەئاستى بەرپرسیاریەتى خۆى بەرپرسیار دەبێت.