هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، ئاماژەی بە گفتوگۆی بەرهەمدار کرد لەم دیدارەدا.
بە گوێرەی هەواڵی جەزیرە، فیدان لە درێژەدا گوتی هەماهەنگی و هاوبەشیی تورکیا لەگەڵ قەتەر ستراتیژییە و یارمەتیی گەشەپێدان و سەقامگیریی ناوچەکە دەدات.
هەروەها گوتی: ئیسرائیل لە غەززە خەریکی پاکتاوی ڕەگەزییە و مافانی مرۆڤ پێشێل دەکات. نزیکەی دوو مانگە یارمەتییە مرۆڤدۆستانەکان نەگەیشتوونەتە نێو کەرتی غەززە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: لە ئێستادا کاری لەپێشینەمان ئاگربەستە لە غەززە و گەیاندنی یارمەتییە مرۆڤدۆستانەیە.
فیدان سەبارەت بە سووریا ڕایگەیاند مسۆگەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە سووریا پێویستە و تەنیا بە هاوکاریی نێوان وڵاتانی ناوچەکە دێتە دی.
هەروەها گوتی: گەمارۆکان سەقامگیری لە سووریا دوادەخەن. ئێمە لەگەڵ قەتەر و هاوبەشانمان هەوڵ دەدەین هەڵیانبوەشێنینەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی کردەوە: ئێمە لەپێناو ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەدا، لەسەر ڕاوێژی قووڵ لەگەڵ قەتەر بەردەوام دەبین.
فیدان ئاماژەی پێکرد: هەڵوێستانی ئێمە سەبارەت بە سووریا نەگۆڕن. هیچ جۆرە دەستێوەردانێک زیان بە یەکپارچەیی و سەروەریی سووریا بگەیەنێت، قبووڵ ناکەین.
ئەو گوتی: ئێمە پشتگیری لە پێکهاتەی گشتیی سووریا دەکەین بە هەموو چین و توێژ و نەتەوەکانییەوە. لە کاروباری سووریادا دژی هەر جۆرە دەستێوەردانێکین.
وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتیشی: هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن دۆخی ئێستای سووریا بقۆزنەوە و زیان بەم وڵاتە و خەڵکەکەی و یەکپارچەیی خاکەکەی بگەیەنن.
فیدان دەری بڕی: هیوادارین پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەڵامی بانگەوازی دانانی چەک بداتەوە. واز لە بەکارهێنانی ئامراز و ڕێگە تیرۆریستییەکان بەمەبەستی تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە بهێنێت.
هەواڵی پێشوو

