ماڵپەڕی “ئاکسیۆس” بە پشت بەستن بە دوو سەرچاوەی ئیسرائیلی ئاگادار، هەواڵی ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشێکی خێرا بۆ سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران لە حاڵەتی شکستخواردنی دانوستانەکانی ناوکی لەگەڵ ئەمریکا بڵاو کردووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە دامەزراوە زانیارییەکانی ئیسرائیل لە خۆشبینی سەبارەت بە گەیشتن بە ڕێکەوتنێکەوە بەرەو نیگەرانی لە ئەگەری شکستی دانوستانەکان گۆڕاون.
سەرچاوەیەک ئاماژە بەوە دەکات, سوپای ئیسرائیل پێی وایە دەرفەتی هێرشێکی سەرکەوتوو رەنگە بەم زووانە لە دەست بچێت، بەڵام وردەکاری زیاتر لەسەر هۆکارەکان نەخستووەتەڕوو.
سەرچاوەیەکی دیکە ئاشکرای کردووە بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە چاوەڕوانی شکستی دانوستانەکان دایە و کۆبوونەوەیەکی هەستیاری لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی و زانیاری ئەنجام داوە.
لە لایەکی دیکەوە، پلەپایەدارێکی ئەمریکایی نیگەرانیی خۆی لەوەیان دەربڕیوە نەتانیاهو رەنگە بەبێ ئیزنوەرگرتنی فەرمی لە دۆناڵد ترامپی سەرۆک کۆمار هێرشەکە بکات. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەگەری پشتگیریکردنی ئەمریکا لە هەنگاوی سەربازیی ئیسرائیل زیاتر دەبێت ئەگەر دانوستانەکان بەرەو شکست بچن، رەنگە “گڵۆپی سەوز” لە واشنتۆنەوە بۆ تەئەبیب پێشان بدرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە هیچ زانیارییەکی زیاتر لەسەر جۆری هێرشەکە یان کاتی جێبەجێکردنەکەی لە ئێستادا بەردەست نییە.

