zagros news agency

عەممار حەکیم: عێراق لە قەیرانی گەورەی دیموکراسی و بێ کارەبایی دایە

 

سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی لە بەغدا ئاماژەی بەوە کرد، عێراق  لە قەیرانێکی قوڵی نەبوونی دیموکراسی و کارەبادایە، دووپاتی ئەوەشی کردەوە، ڕووبەڕووی هەموو هەوڵێک دەبنەوە کە عێراق دابەش بکات و یەکڕیزی عێراق تێک بدات.

عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی رایگەیاند، هەندێک کەس دەیانەوێت ناکۆکی بخەنە نێوانمان و یەکڕیزیمان تێک بدەن و عێراق دابەش بکەن، ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین ڕێگریی لە دابەشکردنی عێراق بگرین و لە شەڕ دووری بخەینەوە.

عەممار حەکیم ڕەخنەی لە سیستەمی دیموکراسی عێراق گرت و ئاشکرای کرد، بازاڕ بۆ کڕینەوەی دەنگی هاووڵاتییان کراوەتەوە و پارە و سامانی هاووڵاتییان لەلایەن حزب و لایەنەکان بۆ کڕینی دەنگیان بەکاردەهێندرێت و دەڵێت: پێکهێنانی حکوومەتەکان لە عێراقدا، پێویستە لەڕێگەی سندووقەکان و دەنگی خەڵکەوە بێت، ناتوانین سەقامگیرییەکی سیاسییمان هەبێت بەبێ هەڵبژاردنێکی ئازاد، ناشتوانین سەقامگیرییەکمان هەبێت، ئەگەر دامەزراوەکانی حکوومەت لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە نەیەنە سەر حکووم.

گوتی: عێراقی ئەمڕۆ پێویستی زۆری بە دامەزراوە حکوومییەکانە، پێویستیشە دامەزراوەکان لەهەر ململانێیەکی نا شەریفانە دوور بخەینەوە.

عەممار حەکیم ئاماژەی بەوەدا، پێویستە ئێمە ململانێ بکەین لەسەر دروستکردنی حکوومەتێکی هاوچەرخی دادپەروەر، حکوومەتێک ئێمە هەڵیبژێرین و دروستی بکەین دوور لەهەر بەکارهێنانێکی سیاسیی، دەبێ ڕێگریی بکەین لەبەکارهێنانی پارە بۆ کڕینی دەنگی خەڵک لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموکراسیدا، پێویستە هەڵبژاردنێکی ئازاد بکەین و دەنگدەران ئازادانە دەنگ بدەن و دەنگیان نەکڕدرێتەوە، زۆر شەرمە کە ئێستا بازاڕ هەبێت بۆ کڕین و فرۆشتنی لایەنی سیاسی و دەنگی هاووڵاتیی، ئەوە خیانەتە  لە گەل و نیشتمان دەکرێت.

ئاشکراشی کرد، عێراق لە قەیرانی کارەبادایە، بەتایبەت کە ئێستا بەرەو وەرزی هاوین و گەرمایە، داوای کرد حکوومەت هەوڵەکانی چر بکاتەوە بۆ چارەکردنی ئەو قەیرانە،گوتی: پێویستە حکوومەت، هاووڵاتییان لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێبەش نەکات، لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارەتی، نیوەی چارەی کێشەکانە، با خەون بە چارەی کێشەکانەوە نەبینین، دەشبێت ڕاستییەکان بە خەڵک بڵێین و بیانخەینە بەرچاویان، دەبێت پێیان بڵێین کێ بەرپرسە لەو کێشانە، دەبێ پێیان بڵێین کێ بەرپرسە لەوەی هاووڵاتییانی عێراق  کارەبای هەمیشەییان نەبێت، لەگەڵ ئەوەی حکوومەتەکانی عێراق چەندین ساڵە بەڵێن دەدەن و پارە خەرج دەکەن، بەڵام کێشەی نەبوونی کارەبا هەر بەردەوامە و هەموو ساڵێک خەڵک دووچاری بارودۆخێکی سەختی بێ کارەبایی دەکاتەوە، دووپاتیشی کردەوە، پێویستە کاری لەپێشینەمان چارەکردنی قەیرانی کارەبا بێت، هەر حکوومەتێکیش کە پێک دێت، پێویستە کاری لەپێشینەی چارەکردنی قەیرانەکان بێت، گوتی: هەر حکوومەتێکی داهاتوو کە دێتە سەر حوکم، پێویستە گەورەترین کار و خەمی، دابینکردنی کارەبا بێت بۆ خەڵکی عێراق.

سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نشتیمانی: قەیرانی کارەبا، کێشەیەکی ئاڵۆزە لە عێراق، عەممار حەکیم تیشکی خستە سەر ئەوەی عێراق لە ئاڵۆزی و دابەشکاریی و تێکدانی یەکڕیزی دەپارێزن، روبەڕووی هەر هەوڵێک دەبنەوە بۆ تێکدانی یەکڕیزی عێراق.

هەواڵی پەیوەندیدار

سبەی خولی نایابی کوردستان دەست پێدەکاتەوە و سێ یاری ئاگرین بەڕێوەیە

یاسین

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمەریکا دەکات

یاسین

دەنگۆی ڕۆیشتنی سەڵاح ئینگلتەڕای تەنیووە

یاسین