حکوومەتی عێراق دەستیکردووە بە جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی جۆری ‘پانتسیر’ـی دروستکراوی ڕووسیا، لە دەوروبەری چەند کێڵگەیەکی ستراتیجی نەوتی لە باشووری عێراق، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ماوەی چوار ڕۆژە شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران سەری هەڵداوە.
ئەحمەد تەمیمی شارەزای بواری ئەمنی بەمیدیای ناوخۆیی عێراقی ڕاگەیاند، کێڵگە نەوتییەکان بڕبڕەی پشتی ئابووری عێراقن، کە لە 90%ی داهاتی وڵات پێکدەهێنێت، بۆیە پارێزگاریکردنی لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەکی دەرەکی یان ناوخۆیی پێویستییەکی نیشتمانییە و گرنگە.
تەمیمی گوتیشی: گرووپە تێکدەر و تیرۆریستییەکان زۆر بە ئاسانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەدەست دەهێنن، ئەمەش پێویستی بە پێداچوونەوە و پلانە ئەمنییەکان هەیە بۆ پاراستنی دامەزراوە گرنگەکان”، جەختیشی کردەوە “جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی سەرەتایەکی دروستە، بەڵام پێویستی بە پەرەپێدانی بەردەوام هەیە، لەنێویاندا دامەزراندنی چەندین ئەڵقەی پارێزەر لە دەوری کێڵگەکان.”
بڕیاری جێگیرکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی لە دەوروبەری کێڵگە نەوتییەکانی عێراق لە کاتێکدایە کە گرژییە ناوچەییەکان پەرەیان سەندووە، بەتایبەتی دوای شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هەروەها ئەگەری گواستنەوەی ململانێکان بۆ ناو خاکی عێراق هەیە.
سیستەمی پانتسیر، یەکێکە لە دیارترین سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی مەودای کورت و مامناوەند، توانای ڕێگریکردنی لە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی کروز هەیە.

