zagros news agency

تورکیا: ئیسرائیل سنووری ئێمەی نەبەزاندووە، بەڵام ناوچەکە دەخاتە ئاژاوەیەکی گەورەوە

وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە فەرمی ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە، گوایە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، ئاسمانی تورکیایان بەکار هێنابێت. هاوکات بە توندی هێرشەکانی ئیسرائیلی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند، ئەو کارانە ناوچەکە دەخەنە مەترسییەکی گەورەوە.
زەکی ئاکتورک، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا گوتی: “ئیسرائیل بە هێرشکردنە سەر ئێرانی دراوسێمان، جارێکی دیکە سەقامگیری و ئاشتیی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە. ئێمە ئەو هێرشە نایاساییانە ئیدانە دەکەین.”
ئاکتورک گوتیشی: “کارە شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل سنوورەکانی تێپەڕاندووە و ناوچەکە بەرەو ئاژاوەیەکی گەورە دەبات، بۆیە پێویستە دەستبەجێ کۆتاییان پێ بهێنێت.”
سەبارەت بە دەنگۆی بەزاندنی سنوور، سەرچاوەکان لە وەزارەتی بەرگریی تورکیادا جەختیان کردەوە، ڕێوشوێنی ئەمنیی توند لەسەر سنوورەکان گیراوەتە بەر و هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان. هەروەها ئەو هەواڵانەشیان ڕەت کردەوە، باس لە کۆچی بەکۆمەڵی هاووڵاتییانی ئێرانی بۆ تورکیا دەکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئاژانسی زاگرۆس زانیاری له‌سه‌ر دواین گۆڕانكاری له‌قه‌ڵای هه‌ولێر ده‌خاته‌روو

سەڵاح

لەسەر فەرمانی ڕێزدار مەسرور بارزانی 140 تووشبووی تالاسیمیا لەدەرەوەی وڵات چارەسەر دەکرێن

یاسین

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا زیاتر بەرزبویەوە

سەڵاح