zagros news agency

ئەمریکا ١١ هاووڵاتیی ئێرانیی بە تۆمەتی تیرۆر و تاوانی قورس دەستگیر کرد

 

دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دەستگیرکردنی ١١ هاووڵاتیی ئێرانییان ڕاگەیاند، بە تۆمەتی تیرۆر و تاوانی قورس ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە بوونەتەوە و بە نایاسایی لەم وڵاتەدا نیشتەجێ بوون.

وەزارەتی ئاسایشی نێوخۆی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، هەڵمەتەکە لەلایەن دەزگای کۆچ و گومرگی ئەمریکا (ICE) لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا ئەنجام دراوە. هاوکات لەگەڵ ئەو ١١ کەسە، هاووڵاتییەکی ئەمریکاییش دەستگیر کراوە، یەکێک لە تۆمەتبارە ئێرانییەکانی پەنا دابوو و هەڕەشەی تەقەکردنی لە کارمەندانی (ICE) کردبوو.

دەستگیرکردنی ئەم کەسانە دوای ئەوە دێت، تۆڕی هەواڵی NBC ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە دابوو، ئێران هەڕەشەی کردەوەی تیرۆریستیی لەنێو خاکی ئەمریکادا لە ڕێگەی شانە نووستووەکانییەوە کردووە، ئەگەر واشنتن هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی.

جێگری وەزیری ئاسایشی نێوخۆی ئەمریکا لەم بارەیەوە گوتی: “وەزارەتی ئاسایشی نێوخۆ بە هەموو توانایەوە بۆ ناسینەوە و دەستگیرکردنی ئەو تیرۆریست و توندڕەوانەی بە نایاسایی هاتوونەتە نێو وڵاتەکەمان کار دەکات.”

هەرچەندە دەسەڵاتداران جەخت دەکەنەوە، تا ئێستا هیچ هەڕەشەیەکی دیاریکراو لەنێو خاکی ئەمریکادا دەستنیشان نەکراوە، بەڵام پێشینەی تاوانکاریی دەستگیرکراوان جێگەی سەرنجە. ئەو ١١ کەسە‌ی دەستگیر کراون هەموویان پیاون و ئەمەی خوارەوە ناوەکانیانە:

مێهران مەکاری ساحلی: ئەندامی پێشووی سوپای پاسداران و خاوەنی پەیوەندیی پشتڕاستکراوە لەگەڵ حزبوڵڵا.

ڕێبوار کەریمی: بە گوتەی خۆی قەناس‌بەدەستی پێشووی سوپای ئێران بووە.

مەحموود شەفیعی: خاوەنی پێشینەی تاوانی قورسە، لەوانە بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان.

بێهزاد سپهریان: لە کاتی دەستگیرکردنیدا دەمانچەیەکی جۆری کۆڵتی پێ بووە.

پێنج کەس لە دەستگیرکراوان

پێشینەی تاوانکاریی وەک دزی، ماددەی هۆشبەر و هەڵگرتنی چەکیان هەبووە و هەندێکیان پێشتر فەرمانی دەرکردنیان بۆ دەرچووبوو، بەڵام بە نایاسایی لە ئەمریکا مابوونەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح

وەزیری نێوخۆی تورکیا: لە خۆرهەڵاتی تورکیا پێنج چالاکی پەکەکەمان کوشتووە

سەڵاح

سه‌رۆكی هه‌رێم پێشوازی له‌ ڕێككه‌وتنی نێوان هه‌سه‌ده‌ و حكومه‌تی سوریا ده‌كات

سەڵاح