سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە، ٧ی تەمموزی ٢٠٢٥ ڕایگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی شەوانەدا لە باشووری سووریا، چەند ئەندامێکی شانەیەکی سەر بە هێزی قودسی ئێرانیان دەستگیر کردووە. ئەمە دووەم ئۆپەراسیۆنی لەم جۆرەیە لە ماوەی هەفتەیەکدا.
لە بەیاننامەکەی سوپای ئیسرائیلدا هاتووە: “هێزە ئیسرائیلییەکان ئۆپەراسیۆنێکی شەوانەیان بۆ دەستگیرکردنی شانەیەکی سەر بە هێزی قودس لە ناوچەی تەل کودنە لە باشووری سووریا بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێ هێنا.” جێی باسە، هێزی قودس لقی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
تاکوو ئێستا حکوومەتی سووریا هیچ کاردانەوەیەکی بەرانبەر بەم هەواڵە نیشان نەداوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ڕوانگەی سووریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، هێزە ئیسرائیلییەکان بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندێک لە دەوروبەری قونەیترە و دوای پشکنینی چەند ماڵێک، دوو برایان دەستگیر کردووە.
ئیسرائیل هەفتەی ڕابردووش هەواڵی دەستگیرکردنی ئەندامانی “شانەیەکی تیرۆریستی”ی سەر بە ئێرانی لە باشووری سووریا و دەستبەسەرداگرتنی چەک و تەقەمەنی ڕاگەیاندبوو.
شایەنی گوتنە، لە دوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی و چەندین ئۆپەراسیۆنی زەمینی لەنێو خاکی سووریادا ئەنجام داوە و ئامانجی خۆی بە “ڕێگریکردن لە خۆپڕچەککردنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران” ڕاگەیاندووە.
هەواڵی داهاتوو

