zagros news agency

دەستگیرکردنی پێنج ئێرانی لە سنووری ئەمریکا و کەنەدا

دەزگای گومرگ و پاراستنی سنووری ئەمریکا (CBP) ڕۆژی سێشەممە پشتڕاستی کردەوە، پێنج هاووڵاتیی ئێرانی لەگەڵ دوو هاووڵاتیی ئۆزبەکستانی، لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوەی نایاسایی لە سنووری باکووری ئەمریکا لەگەڵ کەنەدا، لە ویلایەتی نیویۆرک دەستگیر کران.
دەزگای گومرگی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە ١ی تەممووز، کارمەندانی بنکەی چامپلەین لە نیویۆرک، دوای وەرگرتنی زانیاری لەسەر چالاکییەکی گوماناوی، مینی‌ڤانێکیان دەستنیشان کردووە کە پێنج هاووڵاتیی ئێرانی و دوو هاووڵاتیی ئۆزبەکستانی هەڵگرتبوو. هەموو حەوت کەسەکە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوەی نایاسایی لە سنوور دەستگیر کراون و ئێستا لە چاوەڕوانیی پرۆسەی دەرکردنیان لە ئەمریکادان.
ئەم دەستگیرکردنانە لە کاتێکدایە نیگەرانییەکان لەبارەی هەڕەشە ئەمنییەکان لەسەر سنوورەکانی ئەمریکا زیادیان کردووە. جۆناسان گیلیام، ئەفسەری پێشووی FBI و شارەزای دژەتیرۆر، سەرەتای ئەم مانگە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فۆکس نیوز هۆشداریی دا، «شانە نووستووەکانی تیرۆر، کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە» ڕەنگە لە ئەمریکا چالاک بن.
ڕاپۆرتی تیرۆری ساڵی ٢٠٢٣ی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بە چالاکییە گوماناوییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کردبوو؛ لەوانە پیلانی کوشتنی ئۆپۆزیسیۆنێکی ئێرانی لە نیویۆرک و سیخوڕیکردن بەسەر میدیایەکی ڕەخنەگری ڕژێمی ئێران لە بەریتانیا، کە بووە هۆی دەستگیرکردن یان دەرکردنی بەرپرسانی ئێرانی لە ئەلبانیا، بەلجیکا، هۆڵەندا و دانیمارک بەهۆی پیلاندانان بۆ کاری تیرۆریستی.
دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە حوزەیرانی ٢٠٢٤، هەندێک لە میدیا و کەسایەتییە ئەمریکاییەکان هۆشدارییان لە ئەگەری ئەنجامدانی کاری نایاسایی و سیخوڕیی پەیوەست بە ئێرانەوە داوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

شاندی پارتی بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومه‌ت سه‌ردانی لایه‌نه‌كان ده‌كات

سەڵاح

پاتریاركی كەنیسەی كلدانی لە عێراق و جیهان گەڕایەوە بەغدا

سەڵاح

ئەوەی لامین یەمال دەیکات جێگای سەرسوڕمانە

یاسین