zagros news agency

رێوڕەسمی یاد و وەفا بۆ هونەرمەند قەرەنی جەمیل سازکرا

بە ئامادەبوونی ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بنەماڵە و کەسوکار و هونەرمەند و رۆشنبیرانی هەولێر، رێوڕەسمێکی تایبەت لە چلەی کۆچی دوایی هونەرمەند قەرەنی جەمیل بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمەکە کاتژمێر (5:00)ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، لە هۆڵی پێشەوا لە دیوانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان سازکرا، تێیدا بریکاری وەزارەت لە وتارێکدا، وێڕای ئاوڕدانەوە لە خزمەت و داهێنانە هونەرییەکانی هونەرمەندی کۆچکردوو، جەختی لەسەر گرنگیدانی زیاتر لە هونەرمەندان و رۆشنبیرانی کوردستان کردەوە.

هونەرمەندی شێوەکاری کورد، قەرەنی جەمیل حەسەن، رۆژی 3ـی حوزەیرانی 2025 لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. 

هونەرمەند قەرەنی جەمیل، یەکێک لە هونەرمەندە دیار و بەرجەستەکانی مێژووی هونەری شێوەکاری کوردی بوو. لە رێگەی ئەفراندن و بەرهەمە ناوازەکانییەوە هونەری شێوەکاری کوردیی گەیاندبووە ترۆپکی داهێنان و نەمری. 

قەرەنی جەمیل حەسەن لە 1954 لە شاری هەولێر لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە هەولێر تەواوکردووە. لە ساڵی1976 – 1977 پەیمانگەی هونەرە جوانەكان بەشی شێوەکاری لە بەغدا تەواوكردووە. پاش تەواوکردنی پەیمانگە لە ساڵانی 1977 – 1978 دەبێتە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی لە گوندی (روستێ‌)، بەڵام پاش چۆڵكردنی ئەم گوندە لەلایەن حكومەتی بەعسەوە، لە ساڵانی 1978 – 1979 دەگوازرێتەوە قوتابخانەی سەرەتایی گوندی (ناوڕۆیین) لە شارۆچکەی دیانا.

لە 1979 کوردستان بەجێدەهێڵێت و دەچێتە ئیتاڵیا، تا ساڵی 1984 لە ئیتاڵیا دەمێنێتەوە و لەوێش هەر درێژە بە کاری هونەریی شێوەكاری داوە و بە کارە هونەرییەکانی ژیاوە. 

لە 1984 لە ئیتاڵیاوە بەرەو ئیسپانیا رۆیشتووە، تاكوو ساڵی 2003 هەر لەوێ‌ كاری هونەریی كردووە و لەو ساڵەدا گەڕاوەتەوە کوردستان و ئەرکی سەرنووسەری گۆڤاری شێوەکاری راپەڕاندووە و لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی هەولێریش لە بەشی شێوەكاری بووەتە مامۆستا.

قەرەنی جەمیل سەر بە هیچ رێبازێکی دیاریکراوی هونەری نییە و بە گوتەی خۆی تابلۆکانی زادەی زەین و خەیاڵییەتی، ئەوەی دەگاتە خەیاڵی بە فڵچە و بۆیە دەیانکاتە تابلۆیەکی هونەری.

هەواڵی پەیوەندیدار

رێوڕەسمی رێزلێنان لە شاعیر سەباح رەنجدەر بەڕێوەچوو

ART

جێنیفەر لۆپێز ٢٠٢٦ بە زنجیرەیەک نەشتەرگەریی جوانکاری دەست پێ دەکات

ART

داهاتی بەشی چوارەمی فیلمی “Kung Fu Panda”

ART