عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێران، ڕۆژی یەکشەممە گوتی، کێشەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا “چارەسەر ناکرێن”.
ڕێبەری ئێران لە وتارێکی ڕانەگەیەندراودا کە لە حوسێنییەی ماڵی ڕێبەرایەتی پێشکەشی کرد، گوتی: “ئەوانەی دەڵێن ‘بۆچی لەگەڵ ئەمریکا دانوستانی ڕاستەوخۆ ناکەن و کێشەکان چارەسەر ناکەن’، ڕووکەش بینن؛ چونکە ناوەڕۆکی بابەتەکە وا نییە و لەژێر ڕۆشنایی ئامانجی ڕاستەقینەی ئەمریکا لە دوژمنایەتیکردنی ئێراندا، ئەم کێشانە چارەسەر ناکرێن.”
وا دەردەکەوێت ئاماژەکەی عەلی خامنەیی بۆ قسەکانی حەسەن روحانی، سەرۆک کۆماری پێشوو، و ڕاگەیەندراوی بەرەی چاکسازی بێت لەبارەی پێویستیی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا.
عەلی خامنەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد و گوتی: “ئەمریکایییەکان لە ڕابردوودا هۆکاری ڕاستەقینەی ئەم دوژمنایەتییەیان لەژێر ناونیشانەکانی وەک تیرۆر، مافی مرۆڤ، دیموکراسی، پرسی ژنان و بابەتی هاوشێوەدا دەشاردەوە، بەڵام ئەو کەسەی ئەمڕۆ لە ئەمریکا لەسەر کارە، هۆکاری ڕاستەقینەی دوژمنایەتیی لەگەڵ ئێران ئاشکرا کرد و گوتی ‘دەمانەوێت ئێران گوێڕایەڵی ئێمە بێت’.”
ڕێبەری ئێران لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا گوتی، ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، ئیسرائیلی “هان داوە و یارمەتیی داوە”.
عەلی خامنەیی ئیدیعای کرد، ڕۆژێک دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە ئەورووپا کۆبوونەوەیان کردووە و “پادشایان دیاری کردووە”.
ڕێبەری کۆماری ئیسلامی گوتی، ئێرانییەکیش لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادە بووە و لەو بارەیەوە گوتی: “خۆڵ بەسەر ئەو ئێرانییەی دژی وڵاتی خۆی و لە بەرژەوەندیی جوولەکە، زایۆنیزم و ئەمریکا کار دەکات.”
عەلی خامنەیی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێرانی بە “پڕکار و ماندوونەناس” وەسف کرد و داوای پشتیوانیکردنی لێی و لە بەرپرسانی دیکەی وڵات کرد. پشتیوانییە ئاشکراکەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی لە مەسعوود پزیشکیان لە کاتێکدایە، سەرۆک کۆماری ئێران بەهۆی لێدوانەکانی ئەم دواییەی ڕووبەڕووی ڕەخنەی تووندی توندڕەوەکانی بەرەی پارێزگاران بووەتەوە.

