ئه‌مڕۆ دوو حاڵه‌تى خۆكوشتنى دوو ئافره‌ت له شارى به‌سڕه له باشوورى عێراق، تۆمار كرا. یەکەمیان لە پردی ئیتاڵیاوە خۆى هه‌ڵداوه‌ته خواره‌وه و دووەمیان لە ماڵەوە خۆی هەڵواسیوە.
ئه‌م خۆكوشتنانه‌ى ئه‌مڕۆ، دواى نزیكه‌ى 3 هه‌فته دێت له ڕووداوى گیانله‌ده‌ستدانى ئافره‌تێك له به‌سڕه به‌ناوى (بان زیاد تارق) كه پزیشكى ده‌روونی بوو له به‌سڕه و ڕووداوه‌كه‌ش قسه‌وباسى زۆرى به‌دواى خۆى هێنا به‌تایبه‌ت كه گومان له شێوازى گیانله‌ده‌ستدانه‌كه‌ى ده‌كرێت.
ڕووداوەکە لە 4ی ئابی ئەم مانگە ڕوویدا، وەک خێزانەکەی ئەوکات ڕایانگەیاندبوو، ڕووداوه‌كه خۆكوژى بووه و كچه‌كه‌یان «خۆی کوشتووە». به‌ڵام چالاكان گومانى ئه‌وه‌یان ده‌كرد، ئه‌و ئافره‌ته خۆى نه‌كوشتبێت، به‌ڵكو كوژرابێت، به‌تایبه‌ت كه هاوڕێكانى گوتبوویان، پێشتر هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌بووه.
دواتر دادگای عێراق، ڕۆژى دووشەممە 15ى ئابى 2025، ڕووداوی گیانلەدەستدانی (بان زیاد تاریق)ى بە «خۆکوشتن» هەژمار کرد و بڕیاری داخستنی دۆسیەی لێکۆڵینەوەی دا. ئەم بڕیارە شەپۆلێک لە کاردانەوەی تووڕەیی لە ناوەندە میللی و مافپه‌روه‌رییه‌كاندا بەدوای خۆیدا هێنا.
لە باشووری عێراق، لەو پارێزگایەی کە بە سییەكانی ئابووری دادەنرێت، دەسەڵاتداران و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ باس لە جیاوازییه‌كى سه‌یر دەکەن، له‌كاتێكدا كه بەسرە سەرەڕای دەوڵەمەندییەکانی، لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی هەژارییەوە ژمارەی حاڵەتەکانی خۆکوشتن بە شێوەیەکی بەرچاو، بەرزبووەته‌وه.
مەهدی تەمیمی، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤ لە بەسرە، له لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: “ئەم بەرزبوونەوەیە ته‌نها له ساڵى 2024 گەیشتە 70% بە بەراورد بە ساڵی 2023″، هۆشداریشی دا لە “دەرهاویشتەکانی زیادبوونی خۆكوشتن، چونکە ته‌نها له ساڵى 2024 زیاتر لە 150 حاڵەتی تێپەڕاندووە، واتە مانگانە 15 حاڵەت”.
ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره ئاماژەی بەوەش دا کە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم حاڵەتانە “پەیوەندییان بە زیادبوونی دیاردەی هەژارییەوە هەیە، چونکە زیاتر لە 40%ی حاڵەتەکانی خۆکوژی پەیوەندییان بەو کەسانەوە هەبووە کە لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیاندا، کێشەیان هەبووە”.
بەڵام ماڵپه‌رى (الجبال) كه ماڵپه‌رێكی عێراقییه، ئه‌وه‌ى خستووه‌ته‌ڕوو”هەژاری – و قسەکانی تەمیمی – “تەنها پاڵنەر نیین بۆ خۆکوشتن، بەڵکو ماددە هۆشبەرەکان، کە بووەتە کارەساتێکی وێرانکەر لە کۆمەڵگه‌ی عێراقیدا، یه‌كێكه له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كان”.
بەپێی پسپۆڕان، هۆکارەکانی خۆکوژی “45% بۆ 50% دەروونین، جگە لە هۆکارە کۆمەڵایەتی و خێزانی و ئابوورییەکان، لەگەڵ هۆکارەکانی پەیوەندی بە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و کاریگەرە دەروونییە جیاوازەکانەوە”.
بەسرە، ناوەندێکی گەورەی نەوته لە عێراق، کە لەگەڵ گەشەی ئابووریدا، ڕووبەڕووی زیادبوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتن دەبێتەوە.

