لە هەنگاوێکی بەرچاودا کە نیشاندەری نیگەرانیی قووڵی ئەورووپایە لە درێژەکێشانی شەڕی ئیسرائیل لە غەززە، ٢٠٩ دیپلۆماتکاری پێشووی ئەورووپی، لەنێویاندا ١١٠ باڵیۆز و ٢٥ بەڕێوەبەری گشتیی باڵا، لە نامەیەکی کراوەدا بۆ دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەورووپا داوای کردەوەی بەپەلە و بەرجەستەیان کرد بۆ فشارخستنە سەر ئیسرائیل تا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕابگرێت و پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت.
بەپێی ڕۆژنامەی “گاردیان”ی بەریتانیایی، لەنێو واژۆکاراندا ناوی دیاری وەک ئالان لۆ روا، سکرتێری گشتیی پێشووی “دەزگای کردەوەی دەرەکیی ئەورووپا”، و کارلۆ توریان، سکرتێری گشتیی پێشووی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، بەدی دەکرێت. لە نامەکەدا جەخت کراوەتەوە، بێدەنگی یان دواکەوتنی یەکێتیی ئەورووپا دەتوانێت متمانەی ئەو یەکێتییە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی جددی لاواز بکات.
دیپلۆماتکارەکان نۆ پێشنیازی دیاریکراویان بۆ کردەوەی بەپەلە خستووەتەڕوو، لەوانە: هەڵپەساردنی مۆڵەتی هەناردەکردنی چەک بۆ ئیسرائیل، سەپاندنی سنووردارکردنی بازرگانی لەسەر کاڵا و خزمەتگوزارییەکانی نیشتەجێبوونە نایاساییەکان، و ڕێگریکردن لە وەرگرتن یان پڕۆسێسکردنی ئەو زانیارییانەی پەیوەستن بە چالاکییەکانی ئیسرائیلەوە لە غەززە و کەناری ڕۆژئاوا لە ناوەندەکانی داتای ئەورووپادا.

