zagros news agency

سوودانی بەسەردانێکی فەرمی چووە برۆکسل

ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـ9-2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەو برۆکسل بەرێکەوت و گوتارێک لە بەردەم ئەنجوومەنی باکووری ئەتڵەسی پێشکەش دەکات.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، محەممەد شیاع سوودانی، بەمەبەستی پێشکەشکردنی گوتارێک لە بەردەم ئەنجوومەنی باکووری ئەتڵەسی، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی مارک ڕوتە، سکرتێری گشتی ناتۆ، بەرەو برۆکسل بەڕێکەوت.
ڕۆژی یەکشەممە، 17ـ8-2025، حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند، “حکوومەتی عێراق پابەندە بە کارنامە حکوومییەکەیەوە لە ڕێگەی بنیادنانی هێزە چەکدارەکان و کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵیاندا، بۆ پەیوەندییەکی بەرگریی دووقۆڵیی سەقامگیر، کە لەژێر ڕۆشنایی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیرییەکاندا بەڕێوە دەچێت.”
عەلاوی گوتی: عێراق لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا گەیشتە ڕێککەوتنێک، دەربارەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان بە گوێرەی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو لە ساڵانی 2025 و 2026 دا. ئەم ڕێککەوتنەش، ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بەغدا و بنکەی عەین ئەسەد، لە ئەیلوولی 2025 کۆتایی پێ دەهێنێت، قۆناغی نوێی هاریکاریی ئەمنی لە بواری ڕاوێژکاریی و بنیادنانی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، دەست پێ دەکات.
ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، ئەیلوولی 2026 کۆتاییان دێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

عێراق لە سزا ئابوورییەكانی ئەمریكا تۆقیوە

سەڵاح

پەرلەمانی عێراق 11ـی نیسانی دیاریکرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری

سەڵاح

بۆ پرسی سەرژمێری هێڵی گەرم ڕاگەیاندرا

یاسین