بەڕێوەبەری تەندروستی پارێزگای بهسره زانیاری نوێی لەبارەی كارەساتەكەی ئێوارەی ئەمڕۆی پارێزگاكەی خستەڕوو كە لە ئەنجامی رووداوێكی هاتوچۆدا 14 قوتابی منداڵ بوونە قوربانی.
سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم لە ناوچەی هاریسە لە باكوری پارێزگەی بهسره بارهەڵگرێك كۆنتڕۆلی لەدەست دا و كۆمەڵێك قوتابی شێلا كە لە قوتابخانە دەهاتنە دەرەوە.
لە ئەنجامی رووداوەكە 6 قوتابی گیانیان لەدەست دا و 8ی دیكەش بریندار بوون.
عەباس تەمیمی بەڕێوەبەری تەندروستی بهسره رایگەیاند: لە رووداوەكەدا 6 قوتابی گیانیان لەدەستداوە و 8ی دیكەش بریندار بوون كە برینی بەشێكیان سەخت و دژوارە.
راشیگەیاند: بەهۆی ئەوەی قوتابخانەكە بنەڕەتی بووە، قوربانییەكان تەمەنیان لەنێوان 6 بۆ 12 ساڵاندایە، تەنیا كەسێك نەبێت كە بریندارە و تەمەنی 20 ساڵانە.
ئاماژەی بەوەش دا كە سەرجەم نەخۆشخانەكانی پارێزگای بهسره راسپێردراون هەرچی پێویست بێت بۆ بریندارەكان ئەنجامی بدەن.
بەهۆی كارەساتەكە ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بهسره بڕیاری دا سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە پارێزگاكەیان بەڕێوەبچێت.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەوەی خستەڕوو كە شوفێری بارهەڵگرەكەیان دەستگیركردووە و لە دانپێدانە سەرەتاییەكان ئاماژەی بەوەداوە كە ئیستۆپی نەماوە و بەهۆیەوە كۆنتڕۆلی لەدەستداوە و چووەتە نێو قوتابییەكان لە كاتی هاتنەدەرەوەیان لەنێو قوتابخانەدا.