ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی دارایی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵی 2027، دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی ئامادەکردن، رەوانەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری کرد.
وەزارەتی دارایی لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، تەواوکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەرهەمی کۆبوونەوەی بەردەوامی لیژنەی باڵای ئامادەکردنی بودجە بووە، بە سەرپەرشتیی فالح ساری، وەزیری دارایی. لەو کۆبوونەوانەدا نوێنەری وەزارەتەکان، هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان بەشدارییان کردووە، هاوکات راوێژ بە شارەزایانی دارایی لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق کراوە.
فالح ساری جەختیکردەوە، وەزارەتەکە پابەندییەکانی خۆی بۆ تەواوکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لە کاتی دیاریکراودا جێبەجێ کردووە. ساری روونیکردەوە، ئامادەکردنی بودجەکە بریتییە لە جێبەجێکردنی قۆناغ بە قۆناغی سیستەمی بودجەی بەرنامە و ئەدا لە کەرتی کارەبا و پارێزگاکانی دیوانیە و سەڵاحەدین، بەمەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان تەرخانکراوەکان و ئامانج و ئەنجامەکان و پێوانەکردنی کاریگەریی خەرجییەکان، ئەوەش بۆ ئامادەکاری بەمەبەستی فراوانکردنی جێبەجێکردنی لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا.
ساری روونیکردەوە، پڕۆژەیاسای بودجە رەچاوی ئەولەویەتەکانی بەرنامەی حکوومەتی کردووە و گۆڕانکارییە ئابووری و داراییەکان، ئەولەویەتی خەرجییەکان و پێداویستییەکانی توێژە گرنگەکانی کۆمەڵگەی لەبەرچاو گرتووە، ئەوەش لە چوارچێوەی توانای دارایی بەردەستدا، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر بەهێزکردنی داهاتە نانەوتییەکان و چەسپاندنی پابەندیی دارایی.
بەپێی راگەیەندراوەکە، بڕیارە ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری تاوتوێی پڕۆژەیاسای بودجە بکات، وەک ئامادەکارییەک بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان و بەرزکردنەوەی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەپێی رێکارە پەسەندکراوەکان.
سەبارەت بە هەمان بابەت، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، یەکشەممەی رابردوو رایگەیاند، دەقی دامەزراندنی کارمەندانی گرێبەست لەسەر میلاکی هەمیشەیی، لەناو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵی 2027 جێگیر کراوە.

