zagros news agency

وەزیری دەرەوەی ئێران: دانووستان لە گەڵ ئەورووپا بە پێویست نازانین

 

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە میدیای وڵاتەکەی ڕایگەیاند، سەرەڕای داوای فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، تاران دانوستان لەگەڵ ئەو سێ وڵاتە ئەورووپاییە بە پێویست نازانێت.
سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ ئەمریکاش گوتی، تەنیا کاتێک ئامادەی دانوستانن کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی بەرانبەر و بەرژەوەندیی وڵاتەکەدا بێت. جەختیشی لەوە کردەوە کە جگە لە بەرنامەی ئەتۆمی لەسەر هیچ بابەتێکی دیکە دانوستان ناکەن.
لە دوایین کاردانەوەی تاران بەرانبەر بە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپایی، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ میدیای وڵاتەکەی ئاشکرای کرد، هیچ بەرنامە و پلانێکیان بۆ دانوستان لەگەڵ ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا نییە، چونکە ئەو وڵاتانە نە پێشتر و نە ئێستاش بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ نەکردووە. هەروەها گوتی، ئەو سێ وڵاتە ئەورووپاییە، تەنیا ئامرازێکی گوشار سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی کە لە دەستیاندا بوو، بەکاریان هێنا و خۆشیان دەیانزانی، دوای ئەمە ئیتر ئەورووپا ڕۆڵێکی ئەوتۆی نامێنێت.
دوای گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بۆسەر ئێران، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا ڕایانگەیاندبوو، ڕێگەی دیپلۆماسی کراوەیە و پێویستە تاران لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیەوە، لەگەڵ ئەمریکا بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ. ئێرانیش ڕەتی ناکاتەوە لە داهاتوودا دەست بە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بکات، بەڵام بە چەند مەرجێک.
عەباس عێراقچی گوتی: “هەموو کاتێک هەڵوێستی ئێمە ڕوون بووە، کە ئەگەر لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هەردوولا و ڕێزگرتنی بەرانبەر ئامادەن دانوستان بکەن و هەوڵ نەدەن هیچ شتێکمان بەسەردا بسەپێنن، بۆ دانوستانێکی دادپەروەرانە، ئامادەین دانوستان بکەین.”
ئەمریکاش پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە بەرانبەر هەڵوێستی ئێران، جیا لە ڕاگرتنی بەرنامەی ئەتۆمی، چەند داواکارییەکی دیکەی لە ئێران هەیە، لەوانەش سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکیی وڵاتەکە و ڕاگرتنی هاوکارییە داراییەکان بۆ گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تاران. بەڵام عێراقچی ئەو داواکارییانە ڕەت دەکاتەوە.
عێراقچی جەختی کردەوە و گوتی: “پێشتریش باسم کردووە و ئێستاش دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە تەنیا لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی دانوستان دەکەین، هەموو کاتێک ئاوا بووە و ئێستاش هەر وا دەبێت، هیچ کات بابەتێکی دیکەمان لەگەڵ تێکەڵ نەکردووە.”
هەموو ئەو پێشهاتانە لە کاتێکدان کە جووڵەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە زیادی کردووە و فەرماندە سەربازییەکانی ئێرانیش لە ئەگەری هێرشکردنە سەر وڵاتەکەیان، بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیەکی توند دەکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

پۆلیسی دهۆك بەهۆی خراپ بەكارهێنانی تیكتۆك كەسێكی دەستگیركرد

گوران

ئەلکارازی لاو بووە پاڵەوانی تێنسی کراوەی ئوسترالیا

یاسین

نرخی زێڕ لە هەلکشانە

سەڵاح